رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەو شەپۆلە بارانە بەهێزەی کە سنووری پارێزگای هەولێر و سەنتەری شاری گرتەوە، جەنجاڵییەکی زۆر لە شەقامە سەرەکییەکانی پایتەخت درووستبووە و ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە شەقامەکانی 60 مەتری، 100 مەتری و بەشێکی شەقامی 120 مەتریدا گیریانخواردووە؛ ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێژەی بارانبارینەکە یەکجار زۆر بووە و ئاوەڕۆکان توانای وەرگرتنی ئەو بڕە زۆرەی ئاویان نەبووە.
عەقید سەرکەوت کاڕەش گوتی: "سوپاس بۆ خوا تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی ئەم بارانبارینەوە نەبووە و، ئەوەی هەیە تەنیا زیانی مادییە. لە هەندێک شوێن ئاو چووەتە نێو ماڵەکان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەت لە گەڕەکەکانی هەولێری نوێ و سێبەردان."
گوتیشی کە تاوەکو ئێستا ئامارێکی ورد لەسەر قەبارەی گشتیی زەرەر و زیانەکان لەبەردەست نییە.
هۆشداریی بەپەلە بۆ شوان و گوندنشینان
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی پێشبینییەکانی دەزگای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، شەپۆلەکە لە هەولێرەوە بەرەو ناوچەکانی دیکە دەڕوات و گوتی: "ئەم شەپۆلەی کە ئێستا لە شاری هەولێر بوو، بەرەو سنووری پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین دەچێت."
عەقید سەرکەوت گوتیشی: "ئەوەی زۆر گرنگە گوندنشینان، شوانکاران و مەڕدارەکان کە لە نزیک چەم و زەوییە نزمەکانن، زۆر وریای خۆیان بن، چونکە ئەم بارانبارینە زۆر بەهێزە و لەوانەیە زیانیان پێبگەیێنێت."
عەقید سەرکەوت کاڕەش داوای لە هاووڵاتییان کرد لە شەقامەکان نەمێننەوە و هاتووچۆی ناپێویست نەکەن تاوەکو شەپۆلەکە بە سەلامەتی تێپەڕدەبێت.
هاوکات گوتیشی: "داوا لە خەڵک دەکەم بە هیچ جۆرێک لە تونێلەکان و ژێرپردەکان نزیک نەکەونەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی شارەوانی لە هەولێر بەردەوامن لە کردنەوەی ئەو مەنهۆڵانەی کە گیراون، و سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانی و پۆلیس لە ئەرکدان بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک. بەپێی پێشبینییەکان، ئەم شەپۆلە بارانبارینە تاوەکو شەوی دووشەممە، 09-11-2026 بەردەوام دەبێت.
رزگارکردنی منداڵێک
لە لایەکی دیکەوە، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بەڵام لە زۆربەی شوێنەکان ئاو کۆبووەتەوە و ئاستەنگی هاتووچۆ درووستبووە.
سەبارەت بەو شوێنانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، شاخەوان سەعید گوتی: "لە گەڕەکەکانی عەرەب کەند و سێبەردان کێشەمان بۆ درووستبووە، ئاو چووەتە نێو ماڵان و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە. لە گەڕەکی سێبەردان منداڵێک لەناو لافاودا گیریخواردبوو، بەڵام تیمەکانمان توانییان بە سەلامەتی رزگاری بکەن." گوتیشی تیمەکانیان لە ئەرکدان و داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەیەنە دەرەوە و لە کاتی هەر رووداوێکدا پەیوەندی بە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانیانەوە بکەن.
ئامادەیی تەواو و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارمەندان
بەهۆی چڕیی ئەم شەپۆلە و مەترسیی لافاو، سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە نۆ بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی کوردستان خراونەتە ئامادەیی تەواوەوە و مۆڵەتی کارمەندانیش هەڵوەشێندراوەتەوە.
عەقید سەرکەوت کاڕەش پێشتریش بە رووداوی راگەیاندبوو: "تەواوی ئامێر و کەلوپەلەکانمان خستووەتە کار؛ لە هەندێک شوێن مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو هەیە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەتایبەتی هاووڵاتییانی سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزای چەمچەماڵ، چونکە بڕی بارانبارین لەو ناوچە شاخاوییانە چڕتر دەبێت."
پێشبینییەکانی کەشناسی؛ کام ناوچە زۆرترین بارانی لێ دەبارێت؟
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بەردەوامە و رۆژی شەممە زۆرترین ماوەی دابارین دەبێت لەگەڵ هەورەبرووسکە، زیادبوونی خێرایی با و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.
بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیەیە:
•ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی سۆران: 30 تاوەکو 40 ملیمەتر
•هەولێر و سلێمانی: 25 تاوەکو 35 ملیمەتر
•هەڵەبجە: 30 تاوەکو 35 ملیمەتر
•ئیدارەی گەرمیان: 20 تاوەکو 30 ملیمەتر
•دهۆک: 20 تاوەکو 25 ملیمەتر
•کەرکووک و ئیدارەی زاخۆ: 15 تاوەکو 20 ملیمەتر
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆژی یەکشەممەش بارانبارین بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان؛ لە کاتێکدا رۆژی دووشەممە کاریگەریی شەپۆلەکە بەرەو لاوازبوون دەچێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن.
رێنماییە گرنگەکانی بەرگریی شارستانی بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی داوا لە هاووڵاتییان، قوتابییان و مامۆستایان دەکات لە کاتی چالاکبوونی هەورەبرووسکەدا بە تەواوی پابەندی ئەم رێکارانە بن:
•لە کاتی بیستنی دەنگی هەورەبرووسکەدا لە دەرەوە نەمێننەوە و بە خێرایی بچنە نێو باڵەخانە یان شوێنێکی داخراو.
•لە پەنجەرە، دەرگا، دارە بەرزەکان، باڵەخانەی کراوە، یاریگە و حەوزەکانی ئاو دووربکەونەوە.
•لە کاتی بروسکەدا دەست لە ئاو مەدەن، خۆتان مەشۆن، و هیچ ئامێرێکی پەیوەستکراو بە کارەباوە بەکارمەهێنن.
•باشتر وایە لانیکەم تاوەکو 30 خولەک دوای بیستنی دەنگی کۆتا هەورەبرووسکە لە ماڵەکانتان بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.


.webp&w=3840&q=75)
