رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لێکردووە دەستێک جلی کوردیی بۆ ببات، تاوەکو بەو جلانەوە سەردانی هەولێر بکات.
سەلوان ئاکرەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ سێشەممە (3ی تشرینی دووەمی 2026) لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لەوە کرد، کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی فراکسیۆنەکەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاکە پەرلەمانتار بووە بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە، ئەمەش سەرنجی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بەلای خۆیدا راکێشاوە و زۆر پێی جوان بووە.
عەلی فالح زەیدی، کە بە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی وەرگرت، تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە: "سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لێکردم دەستێک جلی کوردیی بۆ ببەم، بەڵێنیشی پێدام کە ئەگەر جلە کوردییەکەی بۆ ببەم، ئەویش بەو جلانەوە سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات."
یەکەمجار زەیدی، وەک بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، رۆژی شەممە، 2ی ئایاری 2026، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە. دواتر سەردانی سلێمانیی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبووەوە.
سەلوان ئاکرەیی بەڵێنی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە وەک دیاری دەستێک جلی کوردیی بۆ ئامادە بکات و پێشکێشی بکات، تاوەکو زەیدی لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەبەری بکات.
کورد لە کابینەکەی زەیدی چوار پۆستی وەزاریی هەیە، کە بریتین لە وەزیرانی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، داد و ژینگە، لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، کە هێشتا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوە.
ئەمڕۆ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ عەلی فالح
زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە؛ پرسی مووچە، بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی
کوردستان لەگەڵ دۆسیەی نەوت و نەوتی سپیی ماڵان تاوتوێ کران. بە گوتەی زیرەک زێباری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ رووداو، زەیدی پێی راگەیاندوون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەی نابێت
و بەردەوام دەبێت، نەوتی سپیی ماڵانیش بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
زیرەک زێباری،
رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە زۆر باش و ئەرێنی بوو، هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی
عێراقیش بەرامبەر پرسەکان زۆر باش بوو."


