رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا نۆ کەس لە سنووری پارێزگاکەدا بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، بێهتاش خانی ئاباد، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند: "لەو شەش مانگەدا نۆ هاونیشتمانی بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە خنکاون و گیانیان لەدەستداوە، کە پێکهاتوون لە شەش پیاو و سێ ژن."
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکانیش، بەڕێوەبەری بێهتاش خانی ئاباد روونیکردەوە کە بەکارهێنانی نادروست و ناتەندروستی ئەو ئامێرانەی بە گاز کار دەکەن لە ماڵەکاندا، هۆکاری سەرەکیی دزەکردنی گازە ژەهراوییەکە و دروستبوونی ئەو کارەساتانەیە.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرما و زیادبوونی بەکارهێنانی ئامێرەکانی خۆگەرمکردنەوە و زۆپای گاز، ساڵانە ژمارەی قوربانییانی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (بکوژە بێدەنگەکە) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روو لە هەڵکشان دەکات.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دادپزیشکیی ئێران، تەنیا لە ساڵی رابردوودا 831 کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەهۆی خنکان بەو گازە گیانیان لەدەستداوە.


