رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکدا بۆ پێشخستنی
کەرتی تەکنەلۆژیا و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، هەردوو کۆمپانیای
ئاسیاسێڵ و سامسۆنگ ئێلیکترۆنیکس لیڤانت (Samsung Electronics Levant) رێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێیان واژۆکرد. ئامانج لێی ئاسانکارییە
بۆ بەکاربەران و خاوەنکاران لە عێراق تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی فراوانتر دەستیان
بە نوێترین ئامێر و چارەسەرە تەکنەلۆژییەکانی سامسۆنگ بگات.
بە گوێرەی
راگەیێندراوێکی ئاسیاسێڵ، لەمەودوا بەرهەمەکانی سامسۆنگ بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبەسترێنەوە
بە کەناڵ و پرۆگرامەکانی ئاسیاسێڵەوە. ئەمەش چەندین سوود بە بەشداربووان دەگەیێنێت،
لە دیارترینیان کاراکردنی پرۆگرامی "گۆڕینەوە" (Trade-in)ـە، کە رێگە بە کڕیاران دەدات ئامێرە کۆنەکانیان وەک بەشێک لە نرخی ئامێرێکی
نوێی سامسۆنگ بەکاربهێننەوە. لە پاڵ ئەوەشدا، هەردوو کۆمپانیا سیستمی فرۆشتن بە قیست
و شێوازی پارەدانی ئاسانکاری دەخەنەگەڕ.
لەسەر ئاستی بازرگانی
و دامەزراوەکانیش(B2B)، هەردوو لا کاردەکەن بۆ دابینکردنی
چارەسەری دیجیتاڵی و ئەمنی کە گونجاو بێت لەگەڵ پێداویستییە جیاوازەکانی بازاڕی عێراق،
لەوانە بەکارهێنانی سیستمی پاراستنی (Samsung Knox Guard) بۆ بەڕێوەبردنی
ئامێرەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی داتاكان.
وەک بەشێک لە هەڵمەتە
هاوبەشەکەیان، ئامادەیی بەرهەمەکانی سامسۆنگ لە پێشانگە دیجیتاڵییەکانی ئاسیاسێڵ دا
زیاتر دەکرێت و چەندین ئۆفەر و پاکێجی تایبەت بۆ کارمەندان (EPP) و سەرجەم چین
و توێژەکان دەخرێتە ڕوو.
هەروەها پرۆگرامێکی راوێژکاریی
هاوبەش بۆ تیمەکانی فرۆشتن دادەمەزرێنرێت بۆ پێشکێشکردنی باشترین رێنمایی بە کڕیاران.
عامر سوناع، بەڕێوەبەری
جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند: "ئەم هاوبەشییە تەنیا پەیوەندی بە
فرۆشتنی ئامێرەوە نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ خێراکردنی پرۆسەی بەدیجیتاڵبوونی عێراق.
ئێمە دەمانەوێت نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانی و تواناکانی زیرەکیی دەستکرد بخرێتە بەردەستی
هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی."
جۆنگهۆ کانگ، سەرۆکی کۆمپانیای
سامسۆنگ ئێلیکترۆنیکس لیڤانت ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێککەوتنە قۆناخێکی نوێی
هاوکارییە لەگەڵ ئاسیاسێڵ. گوتیشی: "بەهۆی پێگەی بەهێز و شارەزایی قووڵی ئاسیاسێڵەوە
لە بازاڕی عێراق دا، دەتوانین نوێترین داهێنانەکانمان بگەیێنینە ژمارەیەکی زیاتر لە
بەکاربەران و باشترین بژاردەی کڕین بۆ بەشداربووان و دامەزراوەکان دابین بکەین."


.jpg&w=3840&q=75)