رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنی دادگاییکردنی گیراوانی لالەزار دوای راوێژی دەستەی دادوەری بۆ بڕیاری کۆتایی بەڕێوەچوو، لاهوور شێخ جەنگی بە 5 ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزادرا. هاوکات بڕیاری ئازادکردنی دوو گیراوی لالەزاریش دەرچووە.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ، پۆڵات شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزا دراون.
هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوو گیراوی لالەزار بەناوی عومەر شێخە، شۆفێر و کەیوان محەممەد، باخەوان بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچووە.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی یاسا دەبوو هەموویان ئازاد بکرێن، ئێمەش پێشوەختە دەمانزانی سزایان دەدەن و ئامادەکاریمان کردووە بۆ تانەدان لە بڕیارەکە و بە گشتیی رەتیدەکەینەوە، چونکە هیچ تاوانێکی رێکخراو نەکراوە و لە بەرنامەی کاریشیاندا نەبووە."
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگە
ئاسۆ سەراوی، رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەشداریی لە دادگەییکردنی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026ـی لاهوور شێخ جەنگی و 11 هاوڕێی لە دادگەی تاوانەکانی سلێمانی کردووە، دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی بە شێوەیەکی ئاسایی و بە تیشێرتێکی سپیی نیوقۆڵەوە هاتە هۆڵی دادگە، جگە لە سپیبوونەوەی پێستی، هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر رووخساری دیار نەبووە.
لەو هۆڵەی ئەمڕۆ دادگەیی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی کرا، کە بە تۆمەتێکە گوایە هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان داوە، بە پارێزەران و کەسوکاری دەستگیرکراوانەوە نزیکەی 100 کەس ئامادەبوون، هۆڵەکە بە 16 گڵۆپ رووناککرابووەوە و تەنیا 1 پانکە کاری کردووە.
نێردراوی رووداو بۆ دادگەی تاوانەکانی سلێمانی باس لە قسەکانی لاهوور شێخ جەنگی لە دادگە دەکات و دەڵێت، "ئەو هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە و گوتی، ئەو گوتانەی لە ئەو و هاوڕێکانی وەرگیراون دەستکاریی نێوەڕۆکیان کراوە."
لەگەڵ قسەکانی دادوەردا، لاهوور شێخ جەنگی جار جار پێدەکەنی و وەکو ئاماژەی رەتکردنەوە سەری رادەوەشاند، هەروەها جارجار دەموچاوی گرژ دەکرد. رۆژنامەڤانەکەی رووداو گوتی، "لاهوور شێخ جەنگی بە دەستەی دادوەرانی گوت: من لەسێدارە بدەن، بەڵام کوڕی خەڵک؛ ئەوانەی دەستگیرکراون با ئازاد بکرێن."
یەکێکی دیکە لە قسەکانی لاهوور شێخ جەنگی ئەوە بووە، کە ساڵێک و دوو مانگە دەستگیرکراوە وەکو تۆمەتبار "یەک جار" لەلایەن دادوەرانەوە گوتەی لێوەرگیراوە، بۆیە هەموو شتێکی رەتکردووەتەوە.


