رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەڵگرتنی باج و گومرگ لەسەر هاوردەکردنی
گۆشت، مریشک و هێلکە، کەرتی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە. خاوەن
پەلەوەرخانەکان دەڵێن، بڕیارەکە زیانێکی زۆریان پێدەگەیەنێت و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی
کوردستانیش داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات.
دەوەن موحسین، یەکێکە لە خاوەن پەلەوەرخانەکانی هەولێر و 100 هەزار مریشکی
ئامادەیە بۆ خستنە بازاڕ، بەڵام بڕیارەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کێشەی
بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق دروستکردووە.
دەوەن موحسین، دەڵێت، "ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق زیانێکی
زۆر لە ئێمەی خاوەن پەلەوەرخانەکان دەدات. لە بری ئەوەی باج و گومرگی لەسەر گەنمەشامی
و سۆیا و ئەو پێداویستیانە هەڵگرتبا کە پێویستمانە، رێگە بە هاوردەکردنی بەرهەمی ئامادەکراو
دەدات."
دوای بڕیارەکە، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتیی 2,036 خاوەن
پەلەوەرخانەی گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کردووە.
رزگار حەمەد، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،
"ئێمە بە نووسراوی فەرمی نیگەرانیی خۆمان گەیاندووەتە سەرۆکوەزیران و وەزارەتی
کشتوکاڵی عێراق کە دەبێت بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە، چونکە لە بەرژەوەندیی خاوەن پەلەوەرخانەکان
نییە و هەمووان زەرەرمەند دەبن."
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 450 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێندرێت،
کە تەنیا 150 هەزار تۆنی بۆ پێداویستیی نێوخۆیە و 300 هەزار تۆنەکەی دیکەی رەوانەی
بازاڕەکانی عێراق دەکرێت.
هەروەها بەرهەمی هێلکە ساڵانە دەگاتە 4 ملیار و 800 ملیۆن، کە 1 ملیار
و 800 ملیۆنی بۆ پێداویستیی نێوخۆییە و 3 ملیارەکەی دیکەی بۆ بازاڕەکانی خواروو و نێوەڕاستی
عێراق دەنێردرێت.
