رووداو دیجیتاڵ
کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی کارکردندا لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەک لە شاری سلێمانی کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی پاوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کرێکارەکە ناوی پەیمان حوسێنی بووە و لە کاتی کارکردندا لە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی لە شاری سلێمانی بەربووەتەوە؛ پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە."
پەیمان حوسێنی تەمەنی 32 ساڵ و باوکی دوو منداڵ بووە، خەڵکی گوندی "بڵبەزان"ـی سەر بە شاری پاوە بووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ماوەی چەند مانگێک بووە بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانی خێزانەکەی رووی لە شاری سلێمانی کردبوو.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، دوێنێ شەممە تەرمی ئەو کرێکارە دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە دادپزیشکیی سلێمانی، رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە تاوەکو بەرەو زێدی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ببردرێتەوە و بەخاک بسپێردرێت.

