رووداو دیجیتاڵ
دانیاڵ رەسول نەژاد، تەمەن 23 ساڵ، وەرزشڤانی کوردی خەڵکی ورمێ لە پێشبڕکێی نیشتمانیی دێدلیفتی ئێران لە شاری سەلماس، بە هەڵگرتنی کێشی 200 کیلۆگرام لە هەردوو دەستەی گەنجان و گەورەساڵان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و دوو میدالیای زێری بردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، دانیاڵ رەسول نەژاد بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە گرووپی 64 کیلۆگرامدا بەشداریم لە پێشبڕکێی نیشتمانیی دێدلیفتی ئێران کرد کە لە شاری سەلماس بەڕێوەچوو و توانیم 200 کیلۆگرام بەرز بکەمەوە و لە هەردوو بەشی گەنجان و گەورەساڵاندا پلەی یەکەمم بەدەستهێناوە."
بە گوتەی دانیاڵ رەسول نەژاد، پاڵەوانێتییەکە رۆژی هەینی، 29ی تشرینی یەکەم لە شاری سەلماس-ی سەر بە پارێزگای ورمێ بەڕێوەچووە و زیاتر لە 100 وەرزشڤان لە چەندین پارێزگای ئێرانەوە، بەتایبەت لە پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز، زەنجان و ئەردەبیلەوە تێیدا بەشدار بوون.
دانیاڵ رەسول نەژاد گوتی، لە گرووپی گەنجاندا رکابەریی لەگەڵ 10 وەرزشڤان و لە گرووپی گەورەساڵانیشدا رکابەریی لەگەڵ 20 وەرزشڤاندا کردووە و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
دانیاڵ رەسول نەژاد، خەڵکی گوندێ زێوەی سەر بە ناوچەی مەرگەوەری شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و نزیکەی سێ ساڵە خەریکی وەرزشی پاوەرلیفتینگە.
ئەو وەرزشڤانە کوردە سوپاسی راهێنەرەکەی دەکات و دەڵێت، "نزیکەی سێ ساڵە لەژێر رێنمایی و راهێنانی مامۆستا مەقسوود سلێمانی، راهێنەری وەرزشی پاوەرلیفتینگدا کار دەکەم و لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا ئەنجامی زۆر باشم بەدەستهێناوە."
ئەو وەرزشڤانە کوردە دەڵێت، ئامانجی گەیشتن بە سەرکەوتنی گەورەتر و بەدەستهێنانی میدالیای زێرە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
دانیاڵ رەسول نەژاد باس لەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا لە سێ پێشبڕکێی دیکەدا لەسەر ئاستی پارێزگای ورمێ بەشدار بووە و هەر سێ جاریش پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. هەروەها لە سەر ئاستی ئێران، لە پێشبرکێیەکی دیکەدا کە لە تەورێز بەڕێوەچووە، توانیویەتی بە بەرزکردنەوەی 190 کیلۆگرام لە کێشی 64 کیلۆگرامدا پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و میدالیای زێر بباتەوە.
پاڵەوانێتیی پاوەرلیفتینی دێدلیفتی پارێزگاکانی باکووری رۆژئاوای ئێران کە بەشێکە لە پاڵەوانێتیی نیشتمانیی پاوەرلیفتینی دێدلیفتی ئێران، رۆژی هەینی، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، بە بەشداریی زیاتر لە 100 وەرزشڤان لە 9 کێش و سێ گرووپی مێردمنداڵان، گەنجان و گەورەساڵان لە شاری سەلماسی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.
