رووداو دیجیتاڵ
دەرهێنەری ناوداری کورد، مانۆ خەلیل، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فیلمێکی درێژی سینەمایی لەبارەی کارەسات و مێژووی هاوچەرخی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات، کە چیرۆکەکەی لە سووتانی سینەمای عاموودێوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە شەڕی داعش؛ هاوکات داوای پاڵپشتیی دارایی لە ناوەندە کوردییەکان دەکات.
مانۆ خەلیل، لە پەیامێکدا بە ناونیشانی "ئیدی شەهرەزاد لە گوتنی حەق بێدەنگ بوو" ئاماژەی بەوە کردووە، دوای سەرکەوتنی فیلمی (Cîran)، ساڵانێکە لەلایەن خەڵکەوە داوای لێدەکرێت فیلمێک لەسەر کۆمەڵکوژیی سینەمای عاموودێ لە ساڵی 1960 بەرهەمبهێنێت، هەربۆیە ئێستا بڕیاری داوە پڕۆژەیەکی گەورە لەسەر تراژیدیاکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێبکات.
چیرۆکی فیلمەکە چییە؟
بەگوتەی دەرهێنەر، رووداوەکانی فیلمەکە بە کارەساتی سووتانی سینەمای عاموودێ دەستپێدەکەن، پاشان بە زنجیرەی رووداوە مێژووییەکانی وەک سەرژمێریی تایبەتی ساڵی 1962 (بێبەشکردنی کورد لە ناسنامە)، داگیرکردنی زەوییەکان، دروستکردنی پشتێنەی عەرەبی و نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردە تێدەپەڕێت، تاوەکو دەگاتە شەڕی داعش.
مانۆ خەلیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم بەرهەمە بۆ "تۆڵەسەندنەوە" نییە، بەڵکو گێڕانەوەی ئەو مێژووەیە کە هەوڵدراوە لەژێر خاکدا بشاردرێتەوە: "فیلمێک دەبێت لەسەر ئەو کەرامەتەی پێشێلکرا، یادەوەریی گەلێک کە لەبیری نەکردووە و ئەو برینەی هێشتا ساڕێژ نەبووە. دەمانەوێت رابردوو بە ئەمڕۆ و داهاتووەوە ببەستینەوە."
داوای بودجە و پاڵپشتی دەکات
ئەو دەرهێنەرە کوردە روونیکردووەتەوە کە بەرهەمهێنانی فیلمێکی لەم شێوەیە بە کوالێتییەکی جیهانی، پێویستی بە بودجەیەکی گەورەیە، چونکە گێڕانەوەی مێژووی دەیان ساڵ لەمەوبەر لە رووی دیکۆر، جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل و شوێنی وێنەگرتنەوە تێچوویەکی زۆری دەوێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیای (فڕێیم فیلم - Frame Film)ـی خۆی بەشێکی زۆری تێچووەکە لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستیان بە هاوکاریی دارایی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان هەیە و دەڵێت: "ئەگەر ئەم پاڵپشتییە ببینین، دەتوانین دەستپێبکەین؛ فیلمێکی کوردی، لەسەر کورد، بۆ تەواوی جیهان."
مانۆ خەلیل کێیە؟
مانۆ خەلیل، لە دایکبووی ساڵی 1964ـی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە. لە نێوان ساڵانی 1986 بۆ 1993 لە چیکۆسلۆڤاکیا مێژوو و دەرهێنانی سینەمای خوێندووە.
زیاتر لە دوو دەیەیە لە سویسرا دەژی و خاوەنی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی "فڕێیم فیلم"ـە. تاوەکو ئێستا چەندین فیلمی سینەمایی و دۆکیۆمێنتاریی بەرهەمهێناوە، لە دیارترینیان: (باخچەی باوکم، داڤید تۆفیک، هەنگەوانەکە، تەمریک، ئەنفال و جیران).
لە ساڵی 2021 فیلمی "Cîran"ـی نمایش کرد کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیهانیی هەبوو و لە دەیان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداری کرد و زیاتر لە 40 خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا.


