رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە زیاتر لە 50 شوێنی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دادەنرێ و لەو چوارچێوەیەشدا کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەپارێزرێ.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گرنگییەکی زۆر بە کڕین و دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەدات و بودجەی پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە؛ گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێ لە چەند مانگی داهاتوودا و بە دیاریکراوی لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا سیستمەکان بگەنە عێراق و دەست بە دانانیان بکرێت.
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەی سەربازی کراوە و زیاتر لە 50 شوێن دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییان تێدا دابنرێ، کە بەشێکیان دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە.
تاوەکو ئێستا چەندین جار بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کە دوایین جاریان رۆژی 8ـی ئەم مانگە بوو. لەو هێرشەدا بە درۆن یەکەی بارکردن و کۆگاکانی کێڵگەکە کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز راگیرا و ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی دوو هەزار و 800 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە پاراستنی کێڵگەکە، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە رووداوی گوت"بە دڵنیاییەوە کێڵگەی گازی کۆرمۆر یەکێک لەو ناوچانە دەبێت کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ دادەنرێ و دەپارێزرێ."



