رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستن و بووژاندنەوەی زۆنگاوەکان لە بەرێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێ، ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەراورد بە هەمان کاتی پار 110 سانتیمەتر زیاترە، بەڵام هێشتا نزیکەی 3.5 مەتر لە ئاستی ئیکۆلۆژیی خۆی دوورە.
ئارەزوو ئەشرەفیزادە، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستن و بووژاندنەوەی زۆنگاوەکان لە بەرێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی ئێران سەبارەت بە دوایین دۆخی دەریاچەی ورمێ رایگەیاند، بەپێی دوایین ئامار کە لە 21-11-2026 بڵاوکراوەتەوە، ئاستی ئاوی دەریاچەکە گەیشتووەتە 1270.60 مەتر، رووبەرەکەی نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و قەبارەی ئاوی نێو دەریاچەکەش بە نزیکەی 2.5 ملیار مەتر سێجا دەخەمڵێندرێ.
ئەشرەفیزادە ئاماژەی بەوەش کرد، ئاستی ئاوی دەریاچەکە بەراورد بە هەمان کاتی پار نزیکەی مەترێک و 10 سانتیمەترە، کە نیشانەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ باشتربوونی دۆخەکە.
ئەشرەفیزادە رایگەیاند، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە قۆناخێکی کاتیدا بە واتای بووژاندنەوەی ئیکۆلۆژیی دەریاچەکە نایەت، بەڵکو بووژاندنەوەی راستەقینە کاتێک دێتەدی کە هاوسەنگی لەنێوان سەرچاوە و بەکارهێنانی ئاو لە دەریاچەکەدا دروست بێت و رێڕۆی ئاوی پێویست بۆ دەریاچەکە بە شێوەیەکی بەردەوام و جێگیر دابین بکرێت.
دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە کاتی پڕئاویدا بڕی ئاوەکەی دەگاتە زیاتر لە 32 ملیار مەتر سێجا و رووبەرەکەیشی زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە.



