بنەماڵەی مامۆستا حەسەن کەلەش، ئەمڕۆ شەممە
10-10-2026، ناسینەوەی تەرمی مامۆستاکەیان راگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە
رفێندرابوو و بەهۆی ئەوەی ماڵباتەکەی نەیانتوانی ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن بۆ
رفێنەرەکان، کوشتیان.
مامۆستا حەسەن، رۆژی 30ی ئەیلوولی 2026،
لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە رفێنرا و دواتر گرتەیەکیان بڵاوکردەوە کە ئاسەواری
ئەشکەنجە بە رووخسارییەوە دیاربوو. رفێنەران، داوای 300 هەزار دۆلاریان لە
ماڵباتەکەیان کرد بەرامبەر ئازادکردنی.
بە ژمارەیەکی فیلیپینی کەسوکاری کەلەشیان ئاگادار کردەوە؟
رۆژی 8ی تشرینی یەکەم، ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو
چووە ماڵی باوکی حەسەن کەلەش و ڤیتییەکی لەبارەی چۆنێتی رفاندن و داواکاریی
ماڵباتەکەی ئامادە کرد.
رێزان کەلەش، برای مامۆستا حەسەن قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و
گوتی: "لە واتساپ وێنەی حەسەنیان نارد و بۆیان نووسین، حەسەن کەلەش لای
ئێمەیە و تاوەکو ئێستا سەلامەتە، ئەگەر 300 هەزار دۆلارمان بۆ بنێرن، ئازادی
دەکەین."
بەڵام ماڵباتەکەی کە ژیانێکی تاڕادەیەک هەژارانەیان هەیە،
نەیانتوانیوە ئەو بڕە پارە کە بۆ ئەوان خەیاڵییە، دابین بکەن. رێزان کەلەش گوتی:
رۆژی دواتر دیسان بە ژمارەی واتساپەکە کە فیلیپینی بوو، نامەیان بۆ ناردم و گوتیان
"ئەوە 24 کاژێری بەسەردا تێپەڕی، وادیارە ئێوە یاریی بە ئاگر دەکەن."
مامۆستا حەسەنیان کوشت
ئەمڕۆ شەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2026، ماڵباتی
مامۆستا حەسەن کەلەش لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا دڵتەنگی و حەپەسانی خۆیان بەرامبەر
بەم "تاوانە قێزەونە" دەربڕی و هەواڵی کوژرانیان راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوێکی بنەماڵەکەی، تەرمی حەسەن
کەلەش ناسراوەتەوە و ئەمڕۆ لە زێدی خۆی بەخاکسپێردراوە.
مامۆستا حەسەن کەلەش کێیە؟
تەمەنی 56 ساڵە و دانیشتووی (گرکێ لەکێ)ی سەر بە (دێرک)ی رۆژئاوای
کوردستانە.
حەسەن کەلەش وەک مامۆستایەکی سادە ناسرابوو، ماڵباتەکەی
دەڵێن، هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ کەسدا نەبووە و خاوەنی هیچ سامانێکی وەهاش نەبووە
تاوەکو چەتە و مافیا بیڕفێنن، بەڵام رفێنەرەکان بە داواکارییە خەیاڵییەکەیان کۆتایییان
بە ژیانی مامۆستاکە هێنا.
کەلەش، مامۆستای فەلسەفە بوو لە ئامادەیی (جەلا)،
ئێوارەی چوارشەممە، 30ی ئەیلوولی 2026، لە ناوەندی بازاڕی گێرکێ لەگێ و لە کاژێر
21:30 رفێندرا.
لە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، 5 رێکخراوی مافی مرۆڤ
داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی و مسۆگەرکردنی سەلامەتیی ئەو مامۆستایەیان کردبوو،
داواشیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو لێکۆڵینەوەیەکی پیشەیی بکەن و
تاوانباران سزا بدەن.
ئەم رووداوە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نیگەرانیی
زۆر لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و زیادبوونی حاڵەتەکانی رفاندن بۆ مەبەستی
بازرگانی.
خەڵکی ناوچەکە داوا دەکەن دەزگا ئەمنییەکان بەرپرسیارێتیی
خۆیان جێبەجێ بکەن و چیدیکە رێگە نەدەن ژیانی سڤیل و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە
بکەوێتە مەترسییەوە.


