رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا دەڵێن، لە چوارچێوەی پڕۆسەی (بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی)دا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تاوەکو 18ـی تشرینی دووەمی 2026، 14 پەناگە و شوێنی مانەوەی دیکەی لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان چۆڵ کردووە و ئەشکەوت و پەناگەکانیش لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە لە کار خراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیاوە دراونەتە میدیای فەرمیی وڵاتەکە، پێشتر لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026ـدا پەکەکە/کەجەکە چوار شوێنی مانەوەی لە ناوچەی بازێ لە دەڤەری مەتین چۆڵ کردبوو کە بریتی بوون لە (خەبات، یاژک، سەبری و سەسۆن).
سەرچاوەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە درێژەی هەوڵەکاندا بۆ چۆڵکردنی ئەو شوێنانەی مەترسیی پێکدادانیان تێدایە، ئەمجارە تاوەکو رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2026، 14 شوێنی مانەوە لە ناوچەی خواکوڕک چۆڵ کراون.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەو ناوچانەی چۆڵ کراون بریتین لە (گردی جگەر، شەریف، عەلیشێر، کەندەکۆڵا، پاژک، کۆگای چەکی باران، خنێرە (نەخۆشخانە)، تەرزیخانە، مەزڵووم دۆغان، بەڕێوەبردنی پراکتیک، جبەخانە، یووسف-ئاسایش، هێمن و جەسوور). هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو ئەشکەوت و پەناگانەی کردوونەتە دەرەوەی بەکارهێنان.
سەرچاوە ئەمنییەکان سەبارەت بە گرنگیی ئەم هەنگاوەیان کردووە و دەڵێ: "پێشهاتە ئەرێنییەکانی مەیدانی، هاوکات پێشکەوتنەکان لە تەواوکردنی قۆناخی چەکداناندا وەک یەکێک لە یەکەمین و گرنگترین قۆناخەکانی پڕۆسەکە پیشانی رای گشتیی وڵات دەدەن".
ئاماژە بەوە کراوە کە سەرکەوتنی پڕۆسەکە پشت بەم هەنگاوە بەرجەستە و سەلمێنراوانەی سەر زەوی دەبەستێت و هەر پێشکەوتنێکی ئەرێنی کە لەلایەن (دەستەی هەماهەنگیی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی) و لیژنە لاوەکییەکانییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێ، پڕۆسەکە لە ئامانجی تێکەڵکردنەوەی ئەو کەسانە بە کۆمەڵگە نزیکتر دەکاتەوە کە بەپێی مەرجەکانی یاساکە دەگەڕێنەوە وڵات.



