رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک دەڵێ، لەم رۆژانەدا هیچ دارێک لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان نابڕدرێت و ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو دەبنەوە، سەرچاوەکەیان ناو خاکی تورکیایە.
رۆژی یەکشەممە، عەلی تەتەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ چەند رۆژێک بە شێوەیەکی زۆر ورد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بەدواداچوونیان بۆ ئەم بابەتە کردووە و "هەموو بەڵگەکان لەبەردەستدان کە ئەم دارانە لە ناو خاکی تورکیا دەبڕدرێن و تەنانەت لەسەر سنووریش نین، بەڵکو لە سنوورەکان دوورترن."
عەلی تەتەر روونی کردەوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی باری داریان هەڵگرتووە، لە دەروازەی سنووریی سەرزێڕێوە داخڵ دەبن و هەموو هاونیشتمانییانی ئەو ناوچەیەش دەتوانن ئەمە ببینن.
گوتیشی: "ئەگەر بە وردی سەیری ڤیدیۆکان، جادەکان، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان و جوگرافیای ناوچەکە بکەن، بۆتان دەردەکەوێت کە ئەوە خاکی هەرێمی کوردستان نییە."
پارێزگاری دهۆک هۆشداریی دا کە هاونیشتمانییان نەکەونە داوی سۆشیاڵ میدیاوە و گوتی: "چیدیکە نابێت بێ بەڵگە بڕوا بە هەندێک پۆست و لێدوان بکرێت؛ تەنانەت لەوانەیە ژیریی دەستکرد (AI) بۆ دروستکردنی لێدوانی ساختە بە ناوی بەرپرسانەوە بەکار هێنرابێت."
سەبارەت بە زیان گەیشتن بە هەندێک دار، عەلی تەتەر ئاماژەی بەوە کرد، راستە لە کاتی دروستکردنی هەندێک رێگەوبان یان بۆ مەبەستی ئەمنی لە دەوروبەری هەندێک بارەگا پاککاری کراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە "بڕینی دار بەو شێوەیەی باس دەکرێت لە ناو هەرێمدا نییە."
پارێزگاری دهۆک دووپاتی کردەوە کە ئەوان بەرپرسیارن لە پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان و دەرگای دامودەزگاکانیشیان کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێ لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکات.
.webp&w=3840&q=75)
