رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی ورمێ دەڵێ، پێشبینی دەکرێ لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە بگرێتەوە و هۆشداریش لە ئەگەری دروستبوونی لافاو دەدات.
کەشناسیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشبینی دەکات، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 24-10-2026 شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە بگرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پێشبینی دەکرێ ئەمشەو و سبەی بارانی بەخوڕ لە هەندێ ناوچە ببارێ و هەورەبرووسکەش لە هەندێ ناوچە هەبێ، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری پارێزگاکە.
کەشناسیی ورمێ هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە زۆر پێویست نەبێ نەچنە دەرەوە و ''بە هیچ شێوەیەک لە رووبار و رێڕەوە ئاوییەکانیش نزیک نەبنەوە، چونکە مەترسیی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو هەیە".
هۆشدارییەکە لەکاتێکدایە، رۆژی 22-10-2026، لە ئەنجامی بارینی باران و تەزرەی بەخوڕ لە سنووری شاری سەڵماسی پارێزگاکە لافاو دروستبوو و لە ئەنجامدا منداڵێک و دوو پیاو گیانیان لەدەستدا و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.


