رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لەرێگەی حکومەتی فیدراڵەوە توانیویانە رێگری لە گۆڕینی چەند پارچە زەوییەکی خزمەتگوزاری بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە کەرکووک بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات رێگە نادەن هیچ پڕۆژەیەک لەسەر زەویی مادەی 140 جێبەجێ بکرێ.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی هاونیشتمانیانی گەڕەکی (جنگڵاوە) لە کەرکووک سکاڵایان گەیاندە دەستم کە پارچە زەوییەکی خزمەتگوزاری دراوەتە وەبەرهێنان، لەرێگەی نووسراوێکەوە سەرۆکوەزیران، دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراقم ئاگادار کردەوە".
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێ: "ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و بە نووسراوی فەرمی فەرمانی بە پارێزگای کەرکووک کرد کە ئەو پڕۆژەیە رابگرێ".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "لە گوندی عەلیاوەش کێشەیەکی هاوشێوە هەبوو، کە لەرێگەی بەدواداچوونەکانمانەوە توانیمان دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک ئاگادار بکەینەوە بۆ راگرتنی بابەتەکە."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ: "لیژنەی مادەی 140 لەسەر داوای ئێمە بڕیاری داوە هەموو ئەو پڕۆژانەی دەکەونە سەر زەوییە کێشەدارەکانی مادەی 140 رابگیرێن"؛ گوتیشی: "وەک فراکسیۆنی پارتی، هەر سکاڵایەکی هاونیشتیمانیانمان بەدەست بگات، بەدواداچوونی بۆ دەکەین و رێگە نادەین زێدەرۆیی بکرێتە سەر زەوییە خزمەتگوزارییەکان."
بەپێی مادەی 140 لە دەستووری عێراق، نابێت هیچ گۆڕانکارییەک لە زەوییەکانی سنووری مادەی 140 بکرێت یان پڕۆژەیان لەسەر دروست بکرێت تاوەکو بابەتی خاوەندارێتییان یەکلا دەبێتەوە.

