رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حاجی مەحموود لە دیداری گوڵەخانە باس لە ئەگەری گۆڕینی دەستووری عێراق دەکات و دەڵێ، دەبێ هەر دەستکاریکردنێکی دەستوور لای کورد هێڵی سوور بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کورد بە حەوت کورسییەوە نەیتوانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لای خۆی رابگرێ.
ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوتاری دەستپێکی (دیداری گوڵەخانە) رایگەیاند: "چەند رۆژێکە ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق لە رێگەی (دادگەی فیدڕاڵی)یەوە هەوڵی دەستکاریکردنی دەستوور دەدەن. دەبێت ئەوە بزانرێت هەر دەستکاریکردنێکی دەستووری عێراق دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".
محەممەدی حاجی مەحموود گوتی: "دەبێت دەستکاریکردنی دەستووری عێراق لای لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوور بێت. پێویستە سەرجەم لایەنەکان یەکگرتووبن و رێگە بەو هەوڵانە نەدرێ کە زیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت."
لە بەشێکی گوتەکانیدا محەممەد حاجی مەحموود باسی لە پارێزگاری کەرکووک کرد و گوتی: "پارێزگاری کەرکووک بە فەرمی بووەتە وەزیر لە حکومەتی بەغدا کەچی ئامادە نییە دەست لە پۆستی پارێزگار هەڵبگرێ و داوا دەکات جێگری یەکەمی پارێزگار کە کوردە دەست لەکاربکێشێتەوە و جێگری دووەم کە عەرەبە پۆستەکە وەربگرێ."
محمەمەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەشکرد: "کورد بە حەوت کورسییەوە نەیتوانیوە پارێزگاری کەرکووک بباتەوە، بەڵام برایانی توورکمان بە دوو کورسییەوە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە."
محەممەدی حاجی مەحموود باسی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد گوتی: "ئەگەر پەرلەمان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا کارابوایە دەیتوانی چەندین یاسا دەربکات لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەو بڕیارانەی بەغداش هەڵبووەشێنێتەوە کە دژی هەرێمی کوردستان دەرکراون".
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، محەممەدی حاجی مەحموود رایگەیاند: "سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە و جیهان باس لە جەنگ دەکەن، بەڵام ئێمە توانیمان ژیرانە هەرێمی کوردستان لەو جەنگە بپارێزین، چونکە جەنگی ئێمە نەبوو".
لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، محەممەد حاجی مەحموود گوتی: "هیوادارام دیموکراسی لە تورکیا بێتە ئاراوە و پشکێکیشی بەر کورد بکەوێ و بەشی ئێمەشی تێدابێت، لە کاتێکدا من هیچ کات باوەڕم پێی نەبووە."
