رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، نووسراویان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی راستاندنی بڕوانامەی قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی سۆران، کە دەیانەوێ لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن.
هەژار عەلی، باوکی دوو قوتابی لە پۆلەکانی شەشی سەرەتایی و نۆی بنەڕەتی لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی سۆران لە قەزای سۆرانی پارێزگای هەولێر، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی رووداوەوە کرد و رایگەیاند، منداڵەکانی دەیانەوێ لە تورکیا درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەزموونەکانی وەزارەتی پەروەردە پێیان راگەیاندوون کە بڕوانامەکانیان پێویستی بە راستاندنە.
باوکی دوو قوتابییەکە گوتیشی، بڕیارە لە دووی تشرینی یەکەمی 2026 لە تورکیا نیشتەجێ بن، بەڵام ئەگەر بڕوانامەی منداڵەکانی پشتڕاست نەکرێتەوە، ناتوانن لەو وڵاتە درێژە بە خوێندن بدەن.
هاوکات رێبین خالس، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێودەوڵەتیی سۆران بە رووداوی گوت، بڕوانامەی قوتابییەکانیان داوەتە باوکی قوتابییەکان و هیچ کێشەیەک لە بڕوانامەکاندا نییە، بەڵکو تەنیا پێویستیان بە راستاندنە.
هەر لەو بارەیەوە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراویان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و لە نزیکترین کات چارەسەر دەکرێ.



