رووداو دیجیتاڵ لە شارەدێی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، باڵەخانەیەکی خوێندن بووەتە جێگەی چوار قوتابخانەی جیاواز و زیاتر لە 1200 قوتابی تێیدا دەخوێنن. زۆریی ژمارەی قوتابیان و دەوامەکان لەگەڵ کۆنیی باڵەخانەکە، پرۆسەی خوێندنی لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی گرفتی گەورە کردووەتەوە. دۆخی ئەم باڵەخانەیە بەشێکە لە کێشەیەکی فراوانتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کە جگە لەمە، نۆ باڵەخانەی دیکەش هەن کە سێ بۆ چوار دەوامیان تێدا دەکرێت. قوتابییانی باڵەخانەکە لەم دۆخە نیگەرانن. بەهەست ئەحمەد، یەکێک لە قوتابییەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆر ناخۆشە، چوار دەوامی دواکەوتووییە". دەوامەکان بە جۆرێک دابەش کراون کە دوو قوتابخانە بەیانیان و نیوەڕۆیان دەخوێنن و دوو قوتابخانەی دیکەش دەوامی ئێوارانیان هەیە. لە هەر پۆلێکدا نزیکەی 30 بۆ 35 قوتابی دادەنیشن، ئەمەش فشارێکی زۆری دروستکردووە. تەنیا قوتابیان نیین کە نارازین لەم دۆخە، مامۆستایانیش باس لە سەختیی دۆخەکە دەکەن. هەردی عومەر، مامۆستایە لە یەکێک لە قوتابخانەکان، دەڵێت: "من خۆم لێرە قوتابی بووم، باڵەخانەکە وەک خۆی ماوەتەوە و تەنیا کۆنتر بووە. قوتابی کە دێتە پۆلەوە، ماندووە و بە دەروونی گەرمەوە دەست بە وانە دەکات". هەژار قادر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دەرسیم کە یەکێکە لە چوار قوتابخانەکە، دەڵێت: "بوونی چوار ئیدارە و چوار دەوام لە یەک باڵەخانەدا کارەساتە". باڵەخانەکە لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژینگەیەکی خوێندن بێبەشە، نە باخچە و سەوزایی و نە گۆڕەپانێکی گونجاوی تێدایە. کۆنیی دیوارەکان و خراپیی دەرگا و پەنجەرەکانیش بوونەتە ئاستەنگ. سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە، ئاوات ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، بەتایبەتی کە لە سنوورەکەدا چەندین باڵەخانەی دیکە بە هەمان شێوە گرفتیان هەیە.