دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایدەگەیێنێت، بە فەرمانی دادوەر، توانیویانە سێ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "گرووپی تیرۆریستیی داعش" لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر بکەن. بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی دەزگاکە، کە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، لە نێو دەستگیرکراوەکاندا دوو تۆمەتباریان یەکشەممە چووبوونە ناو پارێزگای سلێمانی و تۆمەتباری سێیەمیش پێشتر لەو شارە نیشتەجێ بووە. دژەتیرۆری عێراق دەڵێ، ئەم ئۆپەراسیۆنە رەنگدانەوەی کارایی هەوڵە هەواڵگرییەکان و خێرایی تیمەکانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ جووڵەی داواکراواندا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە رێگری لە تیرۆریستان بکرێت تاوەکو نەتوانن جێگیر بن یان چالاکییەکانیان لە ناو وڵاتدا رێک بخەنەوە. دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان لە راوەدوونانی داواکراوان لە هەموو ناوچەکانی عێراق بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە رێککەوتی 27ی ئەیلوولی 2026 کراوە.
کوردستان28-09-2026سەرۆک بارزانی: رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت جێبەجێ نەکرێ، پێویست ناکات لە حکومەت بمێنینەوە