رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی
رایدەگەیێنێت، ئەگەر رێککەوتنەکەیان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان جێبەجێ نەکرێت،
هیچ مانایەک بۆ مانەوەیان لە حکومەتی عێراق نامێنێتەوە و گوتیشی: لە بەغدا پیلانگێڕی
لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە و مەترسیی
ئەوەشی نەشاردەوە، کە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، هەمان سیناریۆی
2014 دووبارە بێتەوە و داعش جارێکی دیکە بگەڕێتەوە.
سەرۆک مەسعود بارزانی،
لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە، باسی چەندین پرسی تایبەتی بە عێراق و
هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی
کە عێراق هێزەکانی سوپا، دژە تیرۆر، حەشد و پێشمەرگەی هەیە، سەرۆک بارزانی گوتی، "ساڵی
2011 نزیکەی 100 هەزار سەربازی ئەمریکی هەبوون
و دیداری زۆر لە بەغدا کرا و منیش لە چەندینی ئەو دیدارانە بەشداربووم سەبارەت بەوەی رێککەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ ئەمریکا
بکەین یان پێویستە دەربچێت؟ لە کۆبوونەوەیەکدا کە وەزیرانی ناوخۆی و بەرگری ئامادەبوون، گوتم برایان ئێمە تاوتوێی ئەو بابەتە
دەکەین با پرسیار لەمانە بکەین کە پەیوەنداری راستەخۆن بە پرسی ئەمنیەوە، ئەوکات پێم
وایە، وەزیری بەرگری عەبدولقادر عوبەیدی بوو و وەزیری ناوخۆی جەواد بۆڵانی بوو زۆریش دڵنیا نیم، پرسیارمان لەبارەی ئەوەی لێکرد کە ئایا توانای ئەوەتان هەیە
کە بەرگری لە وڵات بکەن؟ وەزیری بەرگری گوتی: بەخوای هیچم نییە. گوتمان ئەی تۆ وەزیری ناوخۆ؟ ئەویش گوتی: بەخوا
ناتوانین پارێزگاری لە بنکەیەکیش بکەین".
"ئەمریکییەکان رۆشتن و داعش هات"
سەرۆک مەسعود بارزانی
پرسیاری ئەوەی کرد، باشە کەواتە ئێمە گفتوگۆ لەسەر چی بکەین؟ هەندێکیان پێداگربوون
و موزایەدەیان کرد و ئەوکات پرسیارم لێیانکرد،
باشە ئەفسەرێکی ئەمریکی ناتوانێت بێتە نێو ئەم هۆڵە و هەموومان دەستگیر بکات؟ یەکێکیان ناوەکەمان لە بیرنەماوە گوتی: بەخوای
نەک ئەفسەر، بەڵکو سەربازێکی ئەمریکی دەتوانێت ئەو کارە بکات، کەواتە گوتم باشتر نییە
لایەنیکەم رێککەوتنێک هەبێ، تاوەکو ماوەی داگیرکاری کۆتایی بێت، سەروەرری خۆمان وەربگرێنەوە؟
با رێککەوتنێک بکەین، ئەوکات ئەمریکییەکان رۆیشتن و داعش هات. "
سەرۆک بارزانی دەڵێ:
"ئێستا لە هەمان سیناریۆ دەترسم، بەڵام دۆخەکە جیاوازە، ساڵی 2014دوای ئەوەی
داعش هات، حکومەتی عێراق پەیوەندی بە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ کرد و گوتیان
وەرن بۆ خاتری خوا هاوکاریمان بکەن."
"هیچ سەرۆکوەزیرانێک دەسەڵاتی تەواوی
نەبووە"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا،
سەرۆک مەسعود بارزانی، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئاسەتەنگ و ئاڵنگاری لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی
عێراق رابردوو هەبووە، "هیچ سەرۆکوەزیرانێک، سەرپشک نەبووە و دەسەڵاتی تەواوی
نەبووە، بەردەوام ئاستەنگ هەبووە ، تاڕادەیەک ئیرادەیان زەوت کرابوو، ئەوە حیزبانەی
هەن دەسەڵاتیان بەسەریدا هەبووە، بە پلەی یەکەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرپرسە، ئەو
دەسەڵاتدارە و ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە."
سەرۆک بارزانی جەخت
لەوە دەکاتەوە کە "ناکرێت پێکهاتەیەک بەتەنیا فەرمانڕەوایی بکات، ئێستاش بە
نزیکەیی هەمووشتێکیان بەدەستە و دەسەڵاتیان هەموو بەدەستە، فەرمانڕەواتییەکە شیعەیە،
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ بنەمای هاوبەشی؛ سازان و هاوسەنگی و ئەو بنەمایە جێبەجێکرا؛
باشە، ئەگەر درێژە بەهەمان پەیڕەوی کۆن بدەن، ئەمە واتەی وایە ئەمانە فەرمانڕەوان."
"بەبێ سەدر و پارتی، حکومەت ئیفلیج
دەبێ"
سەرۆک مەسعود بارزانی
باسی ئەوەشی کرد، "ئەگەر سەدرییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنی دیکە
لە حکومەت نەبن ئەوا حکومەتەکە ئیفلیج و پڕ کەموکوڕی دەبێ." سەبارەت بە دانیشتنی
پەرلەمان بۆ دەنگدان بە وەزیرەکانی کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک مەسعود بارزانی
گوتی: "نەخێر رازی نین، بەشێک بوو لە پیلانگێڕی، رەنگە ئەمانە پیێان وابووبێ
بەم شێوەیە هێزی خۆیان پێشانی پارتی دەدەن، بەوەی ئەمانە کوتلەیەکی گەورەن و سەرکردایەتیی عێراق دەکەن و پارتی پەراوێز دەخەن،
رەنگە ئەمانە ئەو جۆرە خەیاڵەیان هەبووبێت، هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو کارە بکات، زۆر
هەوڵیاندا پارتی پەراوێز بخەن، بەڵام دواتر ئەمانە خۆیان پەراوێزخران و پارتی هەر
مایەوە".
سەرۆک مەسعود بارزانی
گوتیشی :"ئێمە لەو حکومەتە بەشداربووین، کە گەڕاینەوە بۆ بەغدا دوای ئەوەش پارتی دووچاری پیلانگێڕییەکی
قێزەون بووەوە، رێکەوتننامەیەکی واژۆکراومان
هەبوو لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و چوارچیوەی هاوئاهەنگی بەڕێز
هادی عامرییەوە واژۆ کراوە، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە بڕیاردرا ئێمە بەشداری لەو
حکومەتە بکەین و پێویستە جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا هیچ مانا و پاساوێک بۆ مانەوەمان لە
حکومەت نامێنێت".
"ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێ،
پێویست بە مانەوە لەنێو حکومەت ناکات"
سەبارەت دیارترین بەندەکانی
ئەو رێککەوتنە، سەرۆک بارزانی گوتی: "بەم نزیکانە رایدەگەیێنێین، رێککەوتنەکە،
پێش پێکهێنانی حکومەت کراوە. لە رێککەوتنە هیچ شتێکی تێدانییە لە دەرەوەی دەستوور
بێت و پێچەوانی دەستوور بێت. ئەگەر رێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت، پێویست بە نەمانەوە لەو
حکومەت ناکات و نابینە شاهێدی درۆ. کێشە ئەوە نییە تۆ پۆستت هەیە و وەزیرت هەیە، کێشەی
بنەڕەتیی هەیە، کێشەکان کۆنن و بەدەستییانەوە گرفتارین، ماف، هاوبەشی و شکۆمەندی."
سەرۆک بارزانی ئاماژەی
بەوەکرد:" لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەت، هەندێک لایەنی نێو چوارچێوەی
هاوئاهەنگی و هەندێک لایەنی نێو سوننە پیلانگێڕیان لە دژی پارتی کرد، دواتر ئێمە
لاپەڕەیەکی نوێمان کردەوە لەگەڵیاندا."
"هیوادارین بابەتی چەکدانان نەگاتە
شەڕ"
سەبارەت بە پرسی بوونی
چەک لەدەست دەوڵەت، سەرۆک بارزانی گوتی: "هیودارین بابەتی چاک دانان نەگاتە شەڕ،
ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان و هیچ کەسێک نییە، بەڵام ئەو کارە چۆن
دەکرێت؟ من بە قورسی دەبینم دوای 30ی ئەیلوول، ئەگەر ئەمە دواتر بە چەند مانگێکیش
چارەسەرکرا دەبێتە سەرکەوتن بۆ هەموو عێراق، هەروەها بۆ خودی ئەو گرووپە چەکدارانە.
ئەوەی گرنگە ئەو چەکە کۆنترۆڵ کراوبێت، ئەگەر بەکار بێت؛ پێویستە بە فەرمانی فەرماندەیی
گشتی بێت، نەک هەرکەسێک بە ئاورەزووی خۆی مامەڵە بکات .
کێشەی چەک چارەسەر نەکرێت، عێراق دووچاری
کێشەی گەورە دەبێ
سەرۆک بارزانی ئاماژەی
ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستە ئەم دۆسیە بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، ئەگەر لەگەڵ
ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە بێت کارێکی باشە چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی دەبینم
کارێکی دژوارە کە جێبەجێ بکرێت، چونکە خەڵکانێک هەن لەم دۆخە سوومەندن و دەستبەرداری
چەک نابن."
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە گوشاری ئەمریکا لەبەرچاو بگیرێت، بابەتێکی زۆر گرنگە، ئەگەر ئەمریکا سزای بەسەر عێراقدا سەپاند. بۆیە چارەسەرکردنی بابەتی چەک لە بەرژەوەندیی عێراقە، ئەگەر چارەسەر نەکرا، عێراق دووچاری کێشەی گەورە دەبێتەوە، لەوانە سزا و گۆشەگیرکردنی عێراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."



