رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارین و مەترسیی دروستبوونی لافاو، سبەی شەممە لە قوتابخانەکانی پارێزگاکانی سنە و کرماشان پشووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگای کرماشان دەڵێ، بەهۆی بارانبارین و مەترسیی دروستبوونی لافاو، سبەی شەممە لە قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە.
مەهدی فەتاحیان، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی کرماشان رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینیی زۆری بارانبارین و ئەگەری دروستبوونی لافاو، هەروەها بە ئامانجی رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو و پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان، بەیانی شەممە لە قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووی فەرمییە."
ئەو بەرپرسە داوای لە هاونیشتمانییانی پارێزگاکە کرد لە هاتووچۆ و گەشتی ناپێویست، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو رێگەیانەی مەترسیی لافاویان لەسەرە، دووربکەونەوە؛ هاوکات هۆشداری دا کە پێویستە هاونیشتمانییان بە هیچ شێوەیەک لە نزیک رووبار، دۆڵ، رێڕەوی ئاو و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی لافاویان هەیە، نەوەستن و نزیک نەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی پارێزگای کرماشان، کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە تاوەکو بەیانیی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت. کەشناسی هۆشداری داوە کە بارانبارین لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە (بەتایبەتی رۆژی شەممە) بەهێز دەبێت.
هاوکات تەحسین عەزیزی، بەڕێوەبەری گشتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیران لە پارێزگاریی سنە ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، دوای دەرکردنی هۆشداریی کەشناسی و پێشبینیکردنی بارانبارینی بەخوڕ و ئەگەری دروستبوونی لافاو، رۆژی شەممە لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سنەش ئاشکرای کرد، پرۆسەی خوێندن لە پارێزگاکە بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی پارێزگای سنە، شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکە دەگرێتەوە و لە کاژێرەکانی داهاتووەوە شەپۆلەکە بۆ 36 کاژێر لە لووتکەی چالاکی خۆیدا دەبێ.
بەپێی کەشناسیی لوڕستان، بارانبارین پارێزگاکەی گرتووەتەوە و لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە چڕتر دەبێت و تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، لە سەرجەم ناوچەکانی پارێزگاکەدا پێشبینیی بارانبارین دەکرێ کە تاوەکو چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەپێی کەشناسی پارێزگای ئیلام ، شەپۆلێکی بارانبارین لەمڕۆوە دەستی پێکردووە و تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.



.jpg&w=3840&q=75)