رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە، بەشێکی زۆری رێگەی بازنەیی خورماتوو رووخا. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دەڵێت: "پڕۆژەکە نزیکەی پێنج ملیار دیناری تێچوو بوو و تەمەنی تەنیا چەند رۆژێک بوو، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار بکرێ."
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی2026، بە رووداوی راگەیاند: "رێگەی بازنەیی خورماتوو، کە تێچووەکەی چوار ملیار و 800 ملیۆن دینار بوو و درێژییەکەی 7 کیلۆمەترە، لە 28ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ کرایەوە، بەڵام لە یەکەم شەپۆلی لافاودا رووخا."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین گوتیشی: "چەندین جار هۆشداریمان دابوو کە ناوچەکە پێویستی بە پردێکی بەرزە نەوەک رێڕۆیەکی نزم و جێبەجێکردنی ئەو پلانەش پێویستی بە نزیکەی 20 ملیار دینار بوو و رامانگەیاند کە دەبێ پارێزگار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسە بکات بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی بۆ تەرخان بکرێ."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا داوای کرد کە لیژنەیەکی تەکنیکی و کارگێڕی پێکبهێندرێ بۆ لێکۆڵینەوە لە کواڵیتی پڕۆژەکە و دیاریکردنی کەمتەرخەمیی کۆمپانیای جێبەجێکار و لایەنی چاودێر.
دوای تێکچوونی رێگەکە، هەیسەم زەهوان، پارێزگاری سەلاحەدین، لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە سەردانی خورماتووی کرد.
هەیسەم زەهوان رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی داوە بە پەلە پردێکی ئاسنین لە شوێنی رێگە رووخاوەکە دابنرێ تاوەکو هاتووچۆی هاووڵاتییان پەکی نەکەوێ."
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سەلاحەدینیش بڕیاری دا کە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان بەم شێوەیە بێت:
- ئۆتۆمبێلی کەمتر لە پێنج تۆن دەتوانن بە پردە کۆنەکەی نێو شاردا بڕۆن.
- بارهەڵگری سەروو پێنج تۆنی دەبێت رێگەی جێگرەوە بەکاربێنن (بەغدا - دیالە - کەلار) یان لەرێگەی بازگەی تازەوە بەرەو تکریت و بێجی بڕۆن.
قەزای خورماتوو سەر بەپارێزگای سەلاحەدینە و نزیکەی 78 کیلۆمەتر لە پارێزگای کەرکووکەوە دوورە.



