رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممە سەرکردەکانی بەشێک لە هێزە سیاسییە کەریگەرەکانی کەرکووک لە بەغدا کۆببنەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت: "سێ بەربژێر لەسەر مێزی گفتوگۆن و موهەیمەن حەمدانی بەهێزترینیانە".
محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە سەر بە پارتی تەقەدوومە، رۆژی شەممە (7ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر کەسایەتییەک نەکراوە بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری کەرکووک، بەڵام زیاتر لە چەندین کۆبوونەوە و دیدار لەنێوان تەقەدووم و یەکێتی بۆ ئەو مەبەستە کراون."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی دووشەممە (9ی تشرینی دووەم) کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەنێوان محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی تەقەدووم؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و بڕیاری کۆتایی لەسەر پۆستی پارێزگار دەدرێ.
محەممەد حافز گوتی: "سێ بەربژێر بۆ پۆستەکە هەن کە لەم رۆژانەدا ناوەکانیان پێشکێش دەکرێ، بەڵام بەهێزترینیان موهەیمەن حەمدانی، پەرلەمانتاری حیزبی تەقەدوومە."
محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردە لە حیزبی تەقەدووم، یەکشەممەی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند کە "بەپێی رێککەوتنی پێکهێنانی کارگێڕیی کەرکووک (رێککەوتنی هۆتێل رەشید)"، دەبێت دوای 1ی کانوونی دووەمی داهاتوو پارێزگار لە پێکهاتەی عەرەب و لە پشکی تەقەدووم بێت".
محەممەد تەمیم گوتیشی: "پۆستی پارێزگار بۆ تورکمان تەنیا نزیکەی 40 بۆ 45 رۆژی ماوە و دوای ئەوە راستەوخۆ پارێزگاری نوێ عەرەب دەبێت".
محەممەد تەمیم جەختی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکەیە و گوتی: "لە ماڵی محەممەد حەلبووسی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووینەوە و دڵنیایی پێداین کە پابەندی هەموو بەڵێنەکان دەبێت و رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێ."
دەسەڵاتی خۆجێیی کەرکووک، بەپێی رێککەوتنی ناسراو بە "هۆتێل رەشید" پێکهێندرا. بەپێی ئەو رێککەوتنە، پۆستی پارێزگار بە شێوەی خولی لەنێوان نەتەوەکان دەبێت کە سەرەتا بۆ رێبوار تەها لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی3ـی تشرینی دووەمی 2026 بە هێزە سیاسییەکانی کەرکووکی گوت: "هەرچی زووە دۆسیەی پارێزگاری کەرکووک جێگیر بکەن تاوەکو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە پەکیان نەکەوێت".



