رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی سلێمانی هەڵمەتێکی بۆ سزادانی ئەو شۆفێرانە کردووە کە ئۆتۆمبێلەکانیان لە نۆرەی بەنزینی 750 دیناریدا جێدەهێڵن. نەوت و کانزاکانی سلێمانیش دەڵێ، دابەشکردنی بەنزین کێشەی نییە و پێویست بە نۆرەگرتن ناکات.
رۆژی یەکشەممە 27 ئەیلوول 2026، سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "پێشتر چەند جارێک شۆفێرانمان ئاگادار کردوەتەوە کە شەوان ئۆتۆمبێلەکانیان لە نۆرەی بەنزیندا بەجێنەهێڵن و قەرەباڵخی لە بەردەم بەنزینخانەکان درووست نەکەن".
سەلام عومەر ئاماژەی بەوەکرد، بە بڕیاری قایمقامیەتی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان، لە شەوی رابردووەوە هەڵمەتێک دەستی پێکردووە بۆ سزادانی ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانەی شەوان ئۆتۆمبێلەکانیان لە نۆرەی بەنزین دا جێدەهێڵێن.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دیمەنی دەستبەسەرداگرتنی چەند ئۆتۆمبێلێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مەفرەزەکانی هاتووچۆ سەردانی چەند بەنزینخانەیەکیان کردووە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نۆرەی بەنزیندا بەجێهێڵدرابوون، سزای داراییان بۆ کرا و ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە بێسەرەتا بوون، رەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتن کران.
سەبارەت بە بوونی بەنزین لە شارەکەدا، سەلام عومەر گوتی: "هیچ کێشەیەکمان لە پێدانی بەنزینی 750 دیناری نییە. پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت و هاونیشتمانی دەتوانێت بە چەند کاژێڕێک بەنزین وەربگرێ. پێویست ناکات شەوان ئۆتۆمبێل لە نۆرەدا جێبهێڵدرێ".
رۆژانە بۆ دابەشکردنی بەنزینی 750 دینار لە سلێمانی کار بە سیستمی ژمارەی تاک و جووتی ئۆتۆمبێلەکان دەکرێ. نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێ: "ئەگەر قەرەباڵخی بەنزینخانەکان بەردەوام بێ، رێکاری دیکە بۆ دابەشکردنی بەنزین دەگرینەبەر".
رۆژانە نزیکەی 400 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دەگاتە سلێمانی و لە رێگەی 16 بەنزینخانەوە دابەش دەکرێ. سەرەتا بڕەکەی دیاریکراو نەبوو، بەڵام ئێستا بۆ هەر شۆفێرێک کراوەتە 40 لیتر.
.webp&w=3840&q=75)


