رووداو دیجیتاڵ
ترس و هیلاکیی 40 رۆژ دووری لە کەسوکار و زیندانیکردنیان لە لیبیا بە رووخساری سێ کۆچبەری گەڕاوەی ئیدارەی راپەڕینەوە دیارە، کە دوای هەوڵێکی سەرنەکەوتوو بۆ گەیشتن بە ئەورووپا، گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد خالید، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ و دانیشتووی شارۆچکەی سەنگەسەرە لە قەزای پشدەر. دوای سێجار هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا، خەونەکەی بە گەڕانەوە بۆ نیشتمان کۆتاییهات. ئەحمەد خالید بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرەتا کە گیراین، بۆ ماوەی 15 رۆژ لە زیندانی تاکەکەسی بووین، دواتر رادەستی باڵیۆزخانەی عێراقیان کردین." گوتیشی، "لە کەمپەکەشدا رۆژانە خەڵک تووشی جەڵتە و گەشکە دەبوو، نزیکەی 500 بۆ 600 کەس لەوێ بوون."
ئاری ئیسماعیل، یەکێکی دیکەیە لەو کۆچبەرانەی بەرەبەیانیی رۆژی هەینی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان. ئەو دەڵێت، برسیەتی و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانەکانی لیبیا تەوبەیان پێکردووە و پەشیمانە لەوەی ئەو رێگەیەی گرتووەتەبەر. ئاری ئیسماعیل دەڵێت: "کەمپەکان وەک قاعەی مریشک وابوون، نزیکەی 500 بۆ 600 کەسیان تێکردبوو، مامەڵەیان زۆر زۆر خراپ بوو."
زیاتر لە ساڵێکە ئاسان دەستکەوتنی ڤیزا و بەڵێنیی قاچاخچییەکان، کەسوکاری گەنجانی کۆچبەری لە ئیدارەی راپەڕین نیگەران کردووە. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، هەر کۆچبەرێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا، بەلایەنی کەمەوە 17 هەزار دۆلاری پێویستە.
خالید ئەحمەد، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکانە و دەڵێت: "ئەوانە هەمووی خەڵک هەڵخەڵەتاندن و درۆ و دەلەسەیە. سوپاس بۆ خودا کوڕەکەی ئێمە بە سەلامەتی گەڕایەوە، بەڵام خەڵکێکی زۆر لەوێ بێسەروشوێن بوون."
ئیسماعیل عەبدوڵڵا، باوکی کۆچبەرێکی دیکەیە و باسی کوڕەکەی دەکات، "چوار رۆژ بوو گیرابوو، بەڵام پێی نەدەگوتین. دەیگوت مۆبایلەکانیان لێسەندووین و پەیوەندیتان پێوە دەکەینەوە. دواتر لە خەڵکی دیکەوە زانیمان گیراوە و قاچاخچییەکەش پێی نەدەگوتین."
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ئەمساڵ زیاتر لە 5000 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە، کە نزیکەی 2000ـیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون. جگە لەوانەی گەڕاونەتەوە، زیاتر لە مانگێکیشە 10 کۆچبەری دیکەی ئەو سنوورە لە لیبیا بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)