رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک گەنجی رۆژئاوای کوردستان کە ویستوویانە بە قاچاخ بچنە ئێران دەستگیرکراون و دوای چەند رۆژێک مانەوە لە سنوور، لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە لە نزیک حاجی ئۆمەران رزگار کران.
یەکێک لە گەنجەکان لە ڤیدیۆیەکەدا دەڵێت: "نزیکەی هەشت رۆژ لەمەوبەر لە کۆبانێوە بە نایاسایی هاتینە هەرێمی کوردستان، سێ رۆژ دەستگیرکراین و ئازاد کراین، دواتر چووینە ئێران و لەوێش دەستگیرکراین رەوانەی نزیک حاجی ئۆمەران کراینەوە لە نزیک قەزای چۆمان".
ئەو گەنجانە نزیکەی سێ رۆژە لە بەرزاییەکی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر ماونەتەوە. وەک خۆیان باسی دەکەن، ئەو شوێنەی لێی بوون ناوچەیەکی بە مینڕێژکراو بووە.
یەکێک لە گەنجەکان دەڵێت: "ئێران گوتی بگەڕێنەوە دەتانکوژین، هەرێمی کوردستانیش گوتیانە نەیەنەوە ئێرە".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئاسایشی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ هێز و تیمی تایبەتمان نارد و هەموو گەنجەکانمان رزگار کردن".
بەگوێرەی هێزە ئەمنییەکان بۆ رووداو، گەنجەکان تەندروستییان باشە و دەبرێنە شوێنێکی سەلامەت.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
