رووداو دیجیتاڵ
وەبەرهێنان لە گەرمیان ئاراستەکەی لە کەرتی نیشتەجێبوونەوە بۆ پیشەسازی گۆڕاوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیانیش دەڵێت، تەنیا لە شەش مانگی ئەمساڵدا مۆڵەت بە 12 پڕۆژەی پیشەسازی دراوە کە نزیکەی 400 هەلی کاریان رەخساندووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان، رایگەیاند، وەبەرهێنان لە گەرمیان ئاراستەکەی گۆڕیوە و ئێستا گرنگیی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی دەدرێت، ئەمەش هەلی کاری بۆ نزیکەی 400 کەس رەخساندووە.
کردنەوەی کارگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی "بیهارتۆن" و "کلپسۆن" لە کەلار، نەک تەنیا تێچووی سەر شانی پڕۆژەکانی ناوچەکەی کەمکردووەتەوە، بەڵکو 50 هەلی کاریشی بۆ گەنجانی گەرمیان رەخساندووە. ئێستا خاوەنکارانی گەرمیان دەتوانن لەنێو کەلاردا پێداویستییەکانیان دابین بکەن و پێویستیان بە چوون بۆ سلێمانی نەماوە.
بورهان عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیاکە بە رووداوی گوت، "تاکە کارگەیە کە بیهارتۆن و کلبسۆن بەرهەم دێنێت و یەکێکە لەو کارگانەی بە شێوازێکی مۆدێرن و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات. کردنەوەی ئەم کارگەیە هەلی کاری بۆ خەڵکی ناوچەی گەرمیان رەخساندووە."
وەبەرهێنان لە گەرمیان ئاراستەکەی دەگۆڕێت؛ لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو کەرتی نیشتەجێبوون پشکی شێری لە پڕۆژەکاندا هەبوو، ئێستا گرنگیی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی دەدرێت. لە ماوەی تەنیا شەش مانگی ئەمساڵدا، رەزامەندی بۆ 12 پڕۆژەی پیشەسازی دراوە و مۆڵەتی فەرمییان بۆ دەرچووە.
هونەر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت، "بوونی مادەی کانزایی و پێگەی جوگرافیی ناوچەکە هۆکارن کە بتوانین سوودی لێ ببینین بۆ دابەشکردنی بەرهەمەکان بەسەر ناوەڕاست و باشووری عێراقدا. هەروەها بۆ هێنانی مادەی پێویست بۆ کارگەکان، لەبەر ئەوەی هێڵی تەمــاسین لەگەڵ ئێران و نزیکین، دەتوانین سوودی لێ ببینین."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان، پڕۆژەکان نزیکەی 400 هەلی کاریان رەخساندووە و 30 مۆڵەتی دیکەی پیشەسازیش لە قۆناخی وەرگرتنی رەزامەندیدان و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتاییی ساڵ یەکلایی ببنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر زیاتر لە 35 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە سنوورەکەدا مۆڵەتیان پێ دراوە.
گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی لە گەرمیان، هەنگاوێکی نوێیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەرتی نیشتەجێبوون و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجانی ناوچەکە. ئەگەر ئەو 30 پڕۆژەیەش مۆڵەتیان بۆ دەربچێت، گەرمیان دەچێتە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندنی ئابوورییەوە.


.avif&w=3840&q=75)