رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی دێلزیانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر دوو خانووی کەسوکاری پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)؛ بەرپرسێکی حیزبەکەش دەڵێت، هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هێرشەکەدا سێ درۆن بەکارهێنراون، دووانیان راستەوخۆ بەر دوو خانووی کەسوکاری پێشمەرگەکانمان لە گوندی دێلزیان کەوتوون کە هاوسێی یەکدین و پێکراون."
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، کاوە بەهرامی گوتی، هێرشە درۆنییەکە تەنیا زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە و "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
هەروەها هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە".
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ناوچەکە لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، بە زیاتر لە 1,000 مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان؛ لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسی دیکەش بریندار بوون.


.jpg&w=3840&q=75)
