رووداو دیجیتاڵ لیژنەی لابردنی زیادەڕۆیی شارەوانیی کەرکووک بە پاڵپشتیی هێزێکی ئەمنی، ژمارەیەک دووکان و خانووی لە گوندی عەلیاوای نزیک گەڕەکی کوردستانی کەرکووک رووخاند. دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، زەوییەکان هی خۆیانن و قەرەبوو نەکراونەتەوە، بەڵام سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، "فەرمانی دادگەمان هەیە و موڵکەکە هی شارەوانییە." لە کاتێکدا شۆفەڵی لیژنەکە گەیشتە بنمیچی دووکانەکان بۆ رووخاندنیان، خاوەنەکانیان و کەسوکاریان هاواریان لێ هەڵسا و داوایان دەکرد پرۆسەکە رابگیرێت. ژنێک کە دووکانی براکەی دەڕووخێندرا، بە گریانەوە گوتی، "لە 1963ـەوە دەرکراوین، لە 2003ـەوە گەڕاوینەتەوە و شەڕ لەسەر ئەم زەوییانە دەکەین. زەوی خۆمانە، ماڵی خۆمانە و ماڵی کەسمان داگیر نەکردووە." هاونیشتمانیان دەڵێن، بەبێ ئاگادارکردنەوەی فەرمی و بەبێ بڕیاری دادگە ماڵەکانیان رووخێندراون. بیلال محەممەد، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە دەڵێت، "نە بە نووسراوی فەرمی هاتوون، نە نووسراو لە کەرکووکەوە هاتووە، نە نووسراو لە دادگەوە هاتووە کە ئەم ماڵانە دەربکرێن." بە گوتەی دووکاندارەکان، زەوی گوندەکە بۆ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان تەرخانکراوە و پێشتر بەڵێنی قەرەبووکردنەوەیان پێدرابوو، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەیان وەرنەگرتووە. بڕیار شوانی، یەکێک لە دووکاندارەکان دەڵێت، "سێ خێزان لەسەر ئەم دووکانانە دەژین، هیچکام لەو سێ خێزانە مووچەی حکومی و حیزبی یان چاودێریی کۆمەڵایەتییان نییە. ئێستا بۆ کوێ بڕۆم؟" بەڵام لیژنەی لابردنی زیادەڕۆیی کە لەگەڵ هێزێکی پۆلیس و چالاکییە مەدەنییەکان و هێزی سوات چووبوونە شوێنەکە، دەڵێن، فەرمانی دادگەیان بۆ رووخاندنی دووکانەکان هەیە. سەلمان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەکە رایگەیاند، "موڵکداریی زەوییەکە هی شارەوانیی کەرکووکە، دراوەتە وەبەرهێنەر و مۆڵەتی وەبەرهێنانیشی هەیە. هیچ ماڵێک ناڕووخێندرێت مەگەر قەرەبوو بکرێتەوە." گوندی عەلیاوا تاوەکو ساڵی 1963 گوند بووە. دوای ساڵی 2003، ئەو خەڵکەی لە ئاوارەیی گەڕانەوە، ژمارەیەک خانوویان دروستکرد و لە سەردەمی پارێزگاری پێشووتری کەرکووک، نەجمەدین کەریم، رەزامەندییان وەرگرتبوو.