رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی پێشهاتەکانی شنگال بڵاوکردەوە و دەڵێت، "سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات. تاکە رێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتننامەی شنگالە."
لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، "جەخت دەکەینەوە کە هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، پێچەوانەی رێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی 2020دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە."
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "بەبیر هەموو لایەک دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی 500 شەهید و 3000 برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە و دەبێت رێز لەو قوربانی و تێکۆشانە بگیرێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، "پابەندی رێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو رێککەوتنە سیاسی و بەرنامەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی فیدراڵ بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجامی داون."
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، "ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ را و ئیرادەی خەڵکی شنگال، بەتایبەتی ئێزدییەکان؛ کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان."
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێشهاتەکانی شنگال:
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکات کە حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، پێچەوانەی رێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی 2020دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.
بەبیر هەموو لایەک دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی 500 شەهید و 3000 برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە و دەبێت رێز لەو قوربانی و تێکۆشانە بگیرێت.
سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات. تاکە رێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتننامەی شنگالە؛ چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی راستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە، و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، کە ئەمانەش مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.
داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین پابەندی رێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو رێککەوتنە سیاسی و بەرنامەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی فیدرال بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجامی داون. ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ را و ئیرادەی خەڵکی شنگال، بەتایبەتی ئێزدییەکان؛ کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامیی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی ترەوەیە.
وەزارەتی ناوخۆی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
.jpg&w=3840&q=75)

