رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئاگاداری هێرشکردنە سەر هاونیشتمانییانی گەڕاوەی گرێ سپین؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە حکومەتی سووریا لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی تووندوتیژییەکان بکات.
رۆژی سێشەممە 27-10-2026 گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، "ئاگاداری ئەو راپۆرتانەین کە باس لەوە دەکەن خێزانە کوردە گەڕاوەکان لە گرێ سپی هێرشیان کرایە سەر. ویلایەتە یەکگرتووەکان تووندوتیژی بەرامبەر هاووڵاتییان لە گرێ سپی و هەموو سووریا سەرکۆنە دەکات."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "ئەو سووریاییانەی لە ئەنجامی شەڕ ئاوارە بوون، پێویستە سەلامەتانە و خۆویستانە، دوور لە تووندوتیژی و ترساندن بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
ئەو گوتەبێژە باس لەوەش دەکات، "پێویستە حکومەتی سووریا هەموو ئەنجامدەرانی تووندوتیژییەکان بە بەرپرسیار بزانێ و دڵنیایی بدات لە ئاسایشی هەموو سووریاییەکان، لەوانەش ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، "ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی لە سووریایەکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری دەکات کە تێیدا کوردەکان و هەموو کۆمەڵگەکانی دیکە مافیی هاووڵاتیی یەکسان، ئاسایش و بەشداری واتاداریان لە بەڕێوەبردن هەبێت."
گوتەبێژەکە دەشڵێت، "هانی حکومەتی سووریا و دەسەڵاتدارانی خۆجێیی دەدەین پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن، وەڵامی نیگەرانییە رەواکان بدەنەوە و هەنگاوی پراکتیکی بگرنەبەر بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان هەموو کۆمەڵگەکاندا."
رۆژی دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، دەیان خێزان لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتیی گرێ سپی گەڕانەوە شارەکەی رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش بە مەبەستی پێشکێشکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکانی خاوەندارێتیی زەوی و خانووەکانیان. بەڵام لە کاتی گەیشتنیان لەلایەن ژمارەیەک نیشتەجێبووەوە هێرشیان کرایە سەر و زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەیێندرا.



