رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای رێنماییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی راژەی گشتی، رەشنووسی رێنمایی و رێکارەکانی پرۆسەی "لەجێگەدانان"ی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و فەرمانبەرە گرێبەستانەی خزمەتیان کۆتایی هاتووە، ئامادە کرد. رەشنووسەکە بۆ پەسەندکردن رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێ.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەی باڵای رێنماییەکان لە وەزارەتی دارایی لەگەڵ ئەنجومەنی راژەی گشتی بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکەش تایبەت بوو بە داڕشتنی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 303ـی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 16-09-2026 دەرچووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بڕیارەکە تایبەتە بە دەستپێکردنەوە و بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی "لەجێگەدانان" بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانەی پێشتر بە شێوازی جیاوازی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون، بەڵام دواتر بەهۆی خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆتایی بە خزمەتەکەیان هاتووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە کردووە: "دوای گفتوگۆیەکی ورد و هەمەلایەنە لەلایەن تیمەکانی هەردوولاوە، رەشنووسی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئامادە کرا و لەلایەن هەردوولاوە واژۆ کرا."
لەبارەی هەنگاوی داهاتووش، وەزارەتەکە روونیکردەوە کە رەشنووسەکە رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێ، بە مەبەستی پەسندکردنی "لەسەر بنەمای رەخساندنی هەلی یەکسان و پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان بە کەسانی شایستە، بەپێی مەرج و پێوەری تایبەتمەند."
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە ژمارە 9722 لە رۆژی 09-08-2026 بە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوو و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرا، کارکردن بە پرۆسەی لەجێدانان بە هەموو شێوەیەک راگیرا.
رۆژێک دوای ئەوە کارکردن بە پرۆسەی لەجێدانان لە وەزارەتی پەروەردەش راگیرا.


.webp&w=3840&q=75)
