رووداو دیجیتاڵ بریندارێکی دیکەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نێو گرتووخانەی ناوەندیی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستدا، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 10 کەس. شڤان مسێ، پەیامنێری رووداو لە کۆبانێ، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هاووڵاتییەک بەناوی مەسعوود حەمۆ رەشۆ، کە یەکێک بوو لە بریندارانی ئاگرکەوتنەوەکەی گرتووخانەی کۆبانێ، درەنگی شەوی چوارشەممە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. مەسعوود حەمۆ دوای برینداربوونی لە رووداوەکەدا، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گوێزرابووەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری حەلەب و لەوێ لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا بوو. مەسعوود خەڵکی گوندی سووسانە لە رۆژئاوای کۆبانێ، تەمەنی 35 ساڵ بوو، خێزاندار بوو و باوکی پێنج منداڵە. بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 12ـی ئەیلوول، ئاگر لە گرتووخانەی ناوەندیی کۆبانێ کەوتەوە و بەهۆیەوە 17 کەسی دیکەش بریندار بوون. رۆژی دووشەممەی رابردوو، لە رێوڕەسمێکدا و بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە، تەرمی ئەو 9 کەسە بەخاکسپێردران، کە لە رۆژی کارەساتەکەدا گیانیان لەدەستدابوو.
کوردستان17-09-2026لیژنەی زیادەڕۆیی لە کەرکووک خانووی هاونیشتمانیانی رووخاند؛ دانیشتووان: "زەوی خۆمانە"