رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکەی دادگەی سلێمانی بۆ تۆمەتبارانی دۆسیەی لالەزار بەڕێوەچوو، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەکە دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی خالید گوتوویانە، هێزیان بۆ کودەتا نەجووڵاندووە، بەڵکو بۆ "پاراستنی ماڵی مام جەلال بووە" لە سلێمانی.
دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەمڕۆ 17-09-2026ی دادگەی تاوانەکانی سلێمانی، دانا تەقیەدین، گوتەبێژی دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئەمڕۆ گوتەی هەریەکە لە لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و رێبوار حامید حاجی خالید وەرگیرا".
لەبارەی نێوەڕۆکی دانیشتنەکەوە دانا تەقیەدین گوتی: "کاک رێبوار بۆ دادوەر گوتی، کاک لاهوور پێیگوتووم دەبێت ماڵی مام جەلال بپارێزین، چونکە کودەتا بۆ سەر ماڵی مام جەلال هەیە و هێرۆخان وەکو دایکمان وایە و دەبێت ئامادەکاریی بۆ بکەین".
ئەو پارێزەرە گوتیشی: "رێبوار حامید بە دادوەری گوت، کاک لاهوور هیچ رێنماییەکی پێ نەداوم کە هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی بدەم، کە ئێمە چووینەتە ئەوێ [شوقەیەک نزیک شوێنی مانەوەی بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان] و چەند کەسێکمان خۆیان ئامادە کردبێت سەبارەت بە ئەوە بووە، کە لەناو یەکێتیدا هەوڵی کودەتایەک هەبووە، کە پێش ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لە ئەمریکا بگەڕێتەوە دەست بگرن بەسەر یەکێتیدا؛ کاک لاهوور بەس ئەوەندەی پێگوتووم هێرۆخان و ماڵی مام جەلال هێڵی سوورن و دبێ بیانپارێزین".
دانا تەقیەدین، باسی ناوەڕۆکی قسەکانی پۆلاد تاڵەبانی لە بەردەم دادوەر کرد، کە یەکێکە لە گیراوانی لالەزار و گوتی: "هەموو تۆمەتباران گوتەکانی پێشوویان رەتکردەوە. کاک پۆڵاد گوتی، کوردی نازانم، گوتەکانی پێشوو لێم وەرگیراوە لە کاتێکدا بووە بریندار بووم و حەبم پێدراوە؛ بێهۆش بووم، داوای پارێزەرم کردووە بۆم دابین نەکراوە".
لەبارەی گوتەکانی لاهوور شێخ جەنگیشەوە گوتەبێژی تۆمەتبارانی لالەزار گوتی: "کاک لاهوور هەموو گوتەکانی رەتکردەوە و گوتی، ناردنی هێز بۆ پاراستنی هێرۆخان بووە".
پارێزەر دانا تەقیەدین دەڵێت: "کاک لاهوور ئەو بەڵگەیەی خستەڕوو، کە پێنج جار لە بەردەم دادوەر ئامادە بووە و گوتوویەتی؛ ئێستا و رابردووش گوتوومە دەمەوێت دادگە سەروەریی خۆی بپارێزێت، لە کاتێکدا دەمتوانی ئەمڕۆ نەیەمە دادگە و پێش دادگە ئاشتەوایی (سوڵح)م بکردایە".
بە گوتەی دانا تەقیەدین، لە دانیشتنی دادگەدا لاهوور شێخ جەنگی هەروەها گوتوویەتی: "هەوڵی کودەتا لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتییەوە هەبووە، پێشتر کاک قوباد تاڵەبانی و دلێری سەید مەجیدم لێ ئاگادار کردووەتەوە".
پارێزەری دۆسیەکە ئاماژە بە قسەیەکی دیکەی لاهوور شێخ جەنگی دەکات لە دادگەدا و دەڵێت: "کاک لاهوور گوتی مەبەستی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی بووایە، کاتێک چووەتە بەر دەرگاکەی ماڵەکەی دەیتوانی بیکوژێت".
لەبارەی ئەو هێزەی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی بوون، پارێزەری دۆسیەکە ئاماژەی بەوە کرد، "لاهوور شێخ جەنگی بە دادوەری گوت، ئەو هێزەی لای بووە بۆ پاراستنی خۆی بووە، چونکە پێشتر کاک بافڵ هەڕەشەی لێکردووە".
لەبارەی دانیشتنی داهاتووی دادگەوە لەسەر هەمان دۆسیە، پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار گوتی: "یەکشەممە ئاگادار دەکرێینەوە بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگە؛ جارێ بڕیار لەسەر دۆسیەکە نادرێت، چونکە رێکارە یاساییەکان کاتی زیاتریان دەوێت".
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگە تایبەت بوو بە مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە هەوڵدان بۆ کوشتن.
لە مادەی 56دا هاتووە:
1- هەر ئەندامێکی رێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جنایە) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە 200 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و یەک ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحە) بێت.
2- ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4) ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.
لە 22ی ئابی 2025دا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.



