رووداو دیجیتاڵ
کێشەی نووسینی نۆ پیتی کوردی لە سیستەمی مامەڵە ئەلیکترۆنییەکانی حکومەتی فیدراڵی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەگەیێندرێتە وەزارەتی ناوخۆ و بڕیاری چارەسەرکردنی دەدرێت. ئەو نۆ پیتە لەبری کوردی، بە فۆنتی عەرەبی دەنووسران و مانا و نووسینی ناوەکەیان دەگۆڕی و کێشەیان بۆ هەندێک لە مامەڵە فەرمییەکان دروست دەکرد.
ئەو هەنگاوە بۆ چارەسەری ئەو پیتە کوردییانە، لەسەر بنەمای نووسراوێک بووە کە پۆلا سیروان دێرەشەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارێزگای سلێمانی، لە 8ـی ئەیلوول ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، پۆلا سیروان دێرەشەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ (سێشەممە 15ـی ئەیلوول) بریکاری پێشکەوتووی وەزارەتی ناوخۆ کە بەوەکالەت وەزیرە، داواکارییەکەی ئاراستەی بەشی یاسایی کردووە بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە."
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پیتە کوردییەکانی (پ، چ، ژ، ڤ، گ، ڵ، ێ، ڕ، ۆ) بخرێنە ناو بەرنامە ئەلیکترۆنییەکانی کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت و مامەڵەکانی دیکەی دەوڵەت، بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی کورد ئەو پیتانە لە ناوەکانیاندا بەکاردەهێنن.
پۆلا سیروان دێرەشەیی رایگەیاند، لە مامەڵە فەرمییەکاندا لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئەو پیتە کوردییانە نەبوون و دەکرانە هاوشێوەی پیتە عەرەبییەکان، بەوەش مانای ناوەکان دەگۆڕدرا، هەروەها ئەو نووسراوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی دەکران و تێیاندا پیتە کوردییەکان بەکارهاتبوون، لە مامەڵەکانیان لە حکومەتی فیدراڵی کێشەیان بۆ دروست دەبوو، چونکە ئەو پیتانە نەبوون.
لە نووسراوەکەدا چەند نموونەیەک ئاماژەی پێکراوە کە گۆڕانکاری لە فۆنتەکانیان کراوە، لەوانە: "گەوهەر" دەکرێتە "کوهر" و "هەڵاڵە" بە "هلالە" دەنووسرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا ئەو هەنگاوە و گۆڕانکاری و بەکارهێنانی ئەو پیتە کوردییانە، پشتی بە مادەی چواری دەستووری عێراق بەستووە.
مادەی چواری دەستوور ئاماژە بەوە دەکات، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمین، عێراقییەکان مافیان هەیە منداڵەکانیان بە زمانی دایک بخەنە بەر خوێندن.





