رووداو دیجیتاڵ
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات، روونکردنەوە بدات لەبارەی دامەزراندنی ئەو کەسانەی "مەرجەکانی دامەزراندنیان بە گرێبەست تێدا نییە".
نووسراوەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 11289 و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە و بە ناونیشانی "دۆسیەی وانەبێژانی زانکۆ و پەیمانگەکان" ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە.
رۆژی دووشەممە بەرپرسێکی ئاگادار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش نووسراوی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و داواکردنی روونکردنەوە، لە وەزارەتمان لیژنەیەک پێکهات و هەموو ئەو کەسانەی دوورخستەوە کە مەرجی دامەزراندنیان نەبوو".
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەوەی مەرجەکانی دامەزراندنی تێدا نەبووبێ، لە لیستی دامەزراوان لادراوە. هەربۆیە نازانین ئەو نووسراوە نوێیە بە چ هۆکارێک نێردراوە و بە دڵنیاییەوە روونکردنەوەیان پێ دەدرێ".
لە نووسراوەکەدا چوار خاڵ وەک داواکاری ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراون و ئەمانەن:
- روونکردنەوە و خستنەڕووی هۆکاری دامەزراندنی ئەو کەسانەی مەرجەکانی دامەزراندنیان بە گرێبەست تێدا نییە بۆمان روون بکەنەوە.
- خستنەڕووی پێشنیازی گونجاو لەلایەن وەزارەتتان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی راژە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو مامۆستایانەی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەشێوەی گرێبەست دامەزراون، لە کاتێکدا مەرجەکانی وانەگوتنەوەیان تێدانییە.
- دیاریکردنی کەسانی کەمتەرخەم لە بەرزکردنەوەی لیستی ناوی ئەو کەسانەی مەرجەکانی دامەزراندنیان تێدا نەبووە و ئەنجامدانی رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
- راسپاردنی دیوانی چاودێریی دارایی بەمەبەستی وردبینیکردنی دۆسیەی دامەزراوانی بە گرێبەست لەسەر بەرمیلاکانی وەزارەتتان و دواتر بە راپۆرتێک ئاراستەی ئەم سەرۆکایەتییەی بکرێ، بۆ کاری پێویست.
گرێبەستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دامەزران و ژمارەیان چوار هەزار و 104 کەسە و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە.



