رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بڕیاری ئەوەی کە دەبێ 75%ـی کارمەندانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان نێوخۆیی بن، بەشێک لە خاوەنکارەکان پابەند نین و هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لەوەی لە کافێ و چێشتخانەکان کارمەندی بیانی پێشوازییان لێدەکەن و بە کوردی قسە ناکەن.
لە یەکێک لە چێشتخانەکانی هەولێر، زیاتر لە 90%ـی کارمەندەکان کوردن. لەو چێشتخانەیە نزیکەی 80 کارمەند لە دوو شێفتدا کاردەکەن.
حاجی تاریق، خاوەنی چێشتخانەکەیە و دەڵێت، "کارمەندەکانمان 90%یان کوردن، چونکە چێشتخانەکەمان ناسراوە. لیستی خواردن بە کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی نووسراوە. بەمزووانە چێشتخانەیەکی نوێ دەکەینەوە و هەموو کارمەندەکان لە کاتی کارکردندا جلی کوردی دەپۆشن."
بەپێی بڕیاری ژمارە 172ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەبێت 75%ـی کارمەندانی کەرتی تایبەت نێوخۆیی بن، بەڵام لە هەندێک شوێن نیوەی کارمەندەکان بیانین. بەڕێوەبەری یەکێک لە چێشتخانەکان هۆکارەکەی بۆ دەستنەکەوتنی کارمەندی کورد دەگەڕێنێتەوە.
ئالان حوسێن، بەڕێوەبەری چێشتخانەیە و دەڵێت، "کارمەندەکانمان نیوەیان کوردن و نیوەیان عەرەب، بەڵام لە وەرزی زستاندا کارمەندی کورد کەم دەبێت، بەهۆی قوتابخانە و زانکۆوە. بۆ نموونە، ئەم مانگە 15 کارمەندی کوردم رۆیشتوون، بۆیە ناچارین کارمەندی عەرەب یان بەنگلادیشی بهێنین."
هاونیشتمانییان کاتێک سەردانی چێشتخانە و قاوەخانەکان دەکەن، نیگەرانن کە کارمەندی بیانی پێشوازییان لێدەکەن و بە زمانی کوردی قسە ناکەن.
رۆژان موحسین، مامۆستایە و دەڵێت، "دەچیتە هەندێک چێشتخانە پێت دەڵێن 'تفضل شترید؟'. من عەرەبی دەزانم، بەڵام خەڵکی دیکە هەیە عەرەبی نازانێت، بۆیە خۆشە هەمووی بە کوردی بێت."
وەستا ئاشتی، خانەنشینە و باس لەوە دەکات، "ئەگەر یەکێک هەستی کوردایەتی هەبێت و کورد و خاکی خۆی خۆشبوێت، بێگومان برینی دەکولێتەوە."
بۆ مسۆگەرکردنی هەلی کاری ناوخۆیی و رێکخستنی بازاڕی کار، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنوێنیی ژمارە 8ـی ساڵی 2022ـی دەرکردووە. بەپێی رێنوێنییەکە، هیچ مۆڵەتێکی کار بۆ چێشتخانە، کافتریا و پڕۆژەکان نوێناکرێتەوە، ئەگەر مەرجی رێژەی کارمەندی ناوخۆیی جێبەجێ نەکەن.
