رووداو دیجیتاڵ
محەممەد فاتح تانچالان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە (حەیدەرە رەشی وان) ناسراوە، لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە دامەزراوەکانی دەوڵەت" بەپێی مادەی 301ی یاسای سزادانی تورکیا دەستگیرکرا.
دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی زەماوەندی تانچالان لەگەڵ چاغلا ئۆز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دادگا دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و کاژێر 03:00ی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 8ی ئەیلوولی 2026 لە شارۆچکەی بەگری لە پارێزگای وان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
داواکاری گشتیی وان داوای لە دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان کردووە کە لێکۆڵینەوەی دارایی لەسەر سەرچاوەی ئەو بڕە زۆرەی زێڕ و داراییانە بکات کە لە زەماوەندەکەدا پێشکەش کراون.
تانچالان کە پێشتر 25 تۆماری سزادانی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە هەبووە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکانی زەماوەندەکەی کە تێیدا بڕێکی زۆر زێڕ و دیاریی گرانبەها دەردەکەوێ، کێشەی یاسایی بۆ دروستبوو.
رۆژی یەکشەممە 5ی ئەیلوولی 2026 ڤیدیۆی زەماوەندی تانچالان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
لە ئاهەنگەکەدا بایی نزیکەی 938 هەزار دۆلار زێر وەک دیاری بە بووکەکە درا.
بەکارهێنانی سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەرخستنی سەرمایە و شێوازی ژیانی سەرنجڕاکێش، سەرنجی دەزگا دادوەری و داراییەکانی لەسەر سەرچاوەی داهاتەکان زیاتر کردووە.
لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانی کەسایەتییە دیارەکانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە یەکێک لە ئاراستە سەرەکییەکانی دەزگاکانی چاودێری لە تورکیادا.
دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان بەرپرسە لە بەدواداوچوون بۆ شوێنپێی پارە سپیکردنەوە و تاوانە داراییەکان لە تورکیادا.




