رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی بۆ خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەرکرد و کەمترین مووچەی مانگانەی بە 500 هەزار دینار دیاریکرد.
بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2026 کە بە ئیمزای ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەرچووە، کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار دیاریکراوە.
لە رێنماییەکەدا هاوکات مەرجەکانی شایستەبوونی کرێکاران بۆ وەرگرتنی ئەو مووچەیە، بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەستنیشانکراون:
تەمەن و خزمەت:
پیاو تەمەنی 60 ساڵ و ئافرەت 55 ساڵی تەواو کردبێت، بە مەرجێک لانیکەم 20 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت.
پیاو لانیکەم 30 ساڵ و ئافرەت 25 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت (بەبێ رەچاوکردنی مەرجی تەمەن).
کەمئەندامی و کۆچی دوایی:
نەخۆشیی پیشەیی: ئەو کرێکارانەی بەڕێژەی 100٪ تووشی نەخۆشیی پیشەیی دەبن بەپێی راپۆرتی لیژنەی پزیشکی.
پێکانی کار: ئەگەر کرێکار لە کاتی کاردا تووشی پێکان ببێت و بێتە هۆی پەککەوتنی تەواو یان گیانلەدەستدان.
کۆچی دوایی: ئەگەر کرێکارەکە لە ماوەی خزمەتیدا کۆچی دوایی بکات و ناوی لە تۆمارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەردەوام بێت، خێزان و جێماوەکانی مووچەکەی وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رێنمایییە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.




