رووداو دیجیتاڵ
دوو پارێزەری راوێژکار لە شاری سلێمانی ئامادەیی خۆیان نیشان دەدەن بۆ گرتنەئەستۆی کەیسی ئەو گەنجەی خانەقین کە تەنیا لەبەر گۆڕینی زمانی تابلۆی دووکانەکەی بۆ کوردی دەستگیرکرابوو، دەیانەوێت لە رێگەی یاساوە قەرەبووی بۆ وەربگرنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، دانا تەقیەدین، پارێزەری راوێژکار لە دادگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو و پارێزەر بەنەوشە رەفیق ئەمین، بڕیاریانداوە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و یاسایی داکۆکی لە مافەکانی رێبین ستار بکەن.
دانا تەقیەدین گوتی: "ئێمە دەمانەوێ کەیسەکەی کاک رێبین بگرینە ئەستۆ و هەرچی پێویست بێت لە رێکاری یاسایی و داکۆکیکردن لە مافەکانی بۆی بکەین. پەیوەندیی پێوە دەکەین و داوای وەکالەتنامەی لێ دەکەین تاوەکو بە وردی بزانین دۆسیەکەی چییە و بە یاسا داوای مافەکانی بکەین؛ ئەگەر پێویستیش بوو، داوای قەرەبووکردنەوەی بۆ دەکەین."
ئەم هەڵوێستەی پارێزەرانی سلێمانی دوای ئەوە دێت کە چیرۆکی گۆڕینی تابلۆی دووکانی ئەو گەنجەی خانەقین و دەستگیرکردنی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
رێبین ستار، کە پیشەی ئاسنگەرە و باوکی دوو منداڵە لە خانەقین، تەنیا لەبەرئەوەی زمانی تابلۆی دووکانەکەی لە عەرەبییەوە گۆڕی بۆ کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە پارێزگای دیالە دەستبەسەر بوو. رێبین دوای ئازادبوونی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج راگەیاند، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەشکەنجەدراوە بە کارەبا و بۆری ئازار دراوە.
گۆڕینی تابلۆکەی رێبین لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، دوای بینینی بەرنامەیەکی "لەگەڵ رەنج" بوو لە تۆڕی میدیایی رووداو، کە تێیدا رەنج سەنگاوی باسی لە گرنگیی بەکارهێنانی ناوی کوردی و زمانی کوردی بۆ تابلۆی دووکان و شوێنە گشتییەکان کردبوو.
ئێستا رێبین ستار ئازاد کراوە و گەڕاوەتەوە نێو کەسوکارەکەی، بەڵام پارێزەران دەیانەوێت ئەو ستەمە بێ وەڵام نەمێنێتەوە کە بەرامبەری کراوە.



