رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی خوڕەمئاوا - کویەشت لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 28ی ئابی 2026، شەهرام شادابی چگنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای لوڕستان بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی جۆری (پێژۆ پارس) لە رێگەی خوڕەمئاوە-کویەشت وەرگەڕا.
شادابی چگنی رایگەیاند، پێنج کەس لەنێو ئۆتۆمبیلەکەدا بوون، کە سێ کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و دوو کەسەکەی دیکەش بریندار بوون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای لوڕستان باسی لەوە کرد، هۆکاری رووداوەکە "تیژڕۆیی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکە" بووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دادپزیشکیی ئێران، پار 19 هەزار و 540 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابوو.


