رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ئاشکرای دەکات، کە لەگەڵ حکومەتی سووریا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی وەک هێزێکی "تایبەت و رێکخراو" ببنە بەشێک لە پێکهاتەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا. دەشڵێت، کۆبوونەوەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی تێکەڵبوونەکە بەردەوام دەبن.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، فەرماندەیی گشتیی یەپەژە لە راگەیێنراوێکدا وردەکاریی کۆبوونەوەی شاندەکەیانی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە دیمەشق بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیێنراوەکە، "دوارۆژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بووە."
یەپەژە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، دەکرێت یەپەژە "وەک هێزێکی دیار و رێکخراو" تێکەڵی پێکهاتەی وەزارەتی ناوخۆ بكرێت. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ دەبینرێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و حکومەتی ناوەندیی سووریا.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "کۆبوونەوەکە لە کەشوهەوایەکی ئەرێنی و بنیادنەرانەدا بەڕێوەچوو؛ تێیدا بە درێژی تاوتوێی پرسەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا و ئایندەی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا کرا."
ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیە لە چوارچێوەی "رێککەوتننامەی 29ـی کانوونی دووەمی 2026"ـدایە کە لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا واژۆکراوە. یەپەژە جەخت دەکاتەوە کە "بە مەبەستی تەواوکردن و کۆتاییهێنان بە پرۆسەی تێکەڵکردنەکە، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن."
یەپەژە کە لە ساڵی 2013ـەوە وەک هێزێکی سەربازیی ژنان لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە، رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی دژ بە داعشدا گێڕاوە و ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە قۆناخی نوێی سووریادا، ناسنامەیەکی یاسایی و فەرمی لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت.


.jpg&w=3840&q=75)
