رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی نیشتمانیی عێراق و دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکی هاوبەشدا پەیامێکی تووند ئاراستەی گەندەڵکاران دەکەن و رایدەگەیێنن، چیدی هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەوان و ئەو پارانەی لە گەندەڵییەوە دەستیان کەوتووە، لە هیچ شوێنێکی وڵاتدا نابێت.
رۆژانی 25 و 26ـی ئابی 2026، شاندێکی باڵای دەستەی دەستپاکیی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دەستەکە، لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێریان کرد. ئامانجی سەردانەکە داڕشتنی ستراتیژێکی نوێ و کاراکردنی رۆڵی چاودێری بوو لە سەرتاسەری عێراقدا.
"کارکردن بە گیانی یەک تیم"
بەگوێرەی راگەیێنراوە هاوبەشەکە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگییەکان بە جۆرێک کە سنوورە کارگێڕی و جوگرافییەکان نەبنە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسا. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە "کارکردن بە گیانی یەک تیم" تاکە رێگەیە بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان و رادەستکردنیان بە دادگە.
ئەم هەنگاوە نوێیە پشتی بە ماددە دەستوورییەکان و یاساکانی دەستپاکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەستووە (یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2011 لە هەرێمی کوردستان و یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2011 لە عێراق)، بە مەبەستی یەکخستنی رێکارە یاساییەکان.
هەردوو دەستەی دەستپاکی ستایشی پشتیوانییەکانی سێ دەسەڵاتەکەیان (دادوەری، یاسادانان و جێبەجێکردن) کرد لەسەر ئاستی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان. راگەیێنراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پشتیوانیی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وادەکات ئەم دەزگایانە بە سەربەخۆیی و کاریگەرییەکی زیاترەوە ئەرکەکانیان راپەڕێنن.
ستراتیژە نوێیەکە تەنیا لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران کورت نابێتەوە، بەڵکو جەخت لەسەر وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیشیان دەکاتەوە. هەولێر و بەغدا رایانگەیاندووە کە هەوڵەکان بۆ "گەڕانەوەی سامانە دزراوەکان بۆ گەنجینەی گشتی" چڕ دەکرێنەوە و مەودای راکردن و شاردنەوەی پارەی گەندەڵی تەسک دەکرێتەوە.
جگە لە لایەنی سزایی و یاسایی، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پەرەپێدانی توانای مرۆیی فەرمانبەرانیان لە رێگەی ئەنجامدانی خولی مەشق و راهێنانی هاوبەش، تاوەکو کولتووری شەفافیەت و لێپرسینەوە لەنێو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا رەگ دابکوتێت.


