رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئەڵمانیا جەخت لەسەر بەردەوامیی هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە دەکەنەوە و رایدەگەیێنن، بۆ قۆناخی داهاتوو پلانی نوێ و تۆکمەیان بۆ پشتیوانیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت. دەشڵێن، لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ رێکخستنەوەی چوارچێوەی کاری هێزەکانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە جەنەڕاڵ گەنتەر شنایدەر، بەڕێوەبەری گشتیی هێزە چەکدارەکان لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی راگەیێنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیدارەکەدا جەنەڕاڵ گەنتەر شنایدەر رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و گوتی: "بۆ ئەرک و کاری نوێی ئایندەمان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، پلانی تۆکمە و نوێمان دەبێت."
بەڕێوەبەری گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، کە وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن بۆ رێکخستنەوەی چوارچێوەی کاری ئایندەی هێزەکانی ئەڵمانیا، بە جۆرێک هاوتەریب بێت لەگەڵ تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا دەربڕی و رایگەیاند، تیمی راوێژکارانی ئەڵمانیا رۆڵێکی دیاریان لە بەهێزکردنی توانای سەربازیی پێشمەرگەدا هەبووە.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی کردەوە، کە ئەم هاوکارییانە رەنگدانەوەی ئەرێنییان هەبووە لەسەر پڕۆسەی چاکسازی، مەشق و راهێنان و بەرزکردنەوەی توانای لۆجستیی هێزی پێشمەرگە؛ ئامادەیی وەزارەتیشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ تیمی راوێژکارانی ئەڵمانیا.
رۆژی سێشەممە 25-8-2026 مەراسیمی کۆتایهاتنی ئەرکی سەربازی راوێژکارانی سەربازی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە کامپی ستیڤان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی مەراسیمەکەدا، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا، کە ساڵانێک بوو لەژێر چەتری هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئامادەییەکی کارایان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبوو.
پێشتر نزیکەی 500 سەربازی ئەڵمانی لە چوارچێوەی ئەرکێکی هاوپەیمانیی ناتۆدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیر بوون. ئامانجی ئەو هێزانە، رێگریکردن بووە لە سەرهەڵدانەوەی داعش و یارمەتیدانی پاراستنی ئاسایشی عێراق. هێزەکان بە دیاریکراوی لە هەولێر و بەغدا بوون.
ئەڵمانیا لە ساڵی 2014ـەوە بایی زیاتر لە 3 ملیار یۆرۆ لە بواری ئەمنی و مرۆییدا یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستانی داوە.
وڵاتە ئەورووپییەکە لە ساڵی 2022ـدا کۆتایی بە ئەرکێکی هاوشێوە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش هێنا.


.jpeg&w=3840&q=75)
