رووداو دیجیتاڵ
یەکەم نیشانەی ئەوەی کە دۆخەکە لە رۆژئاوای کوردستان گۆڕاوە، دەستبەجێ دوای پەڕینەوە لە دەروازەی سێمالکا لە هەرێمی کوردستانەوە دەردەکەوێ.
دوو بەرپرس لە بەشی کۆنترۆڵی سنوورەکەدا کە لەلایەن دیمەشقەوە دانراون، داوای مۆڵەتی وەزارەتی گەیاندنی حکومەتی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی رۆژنامەڤانان بتوانن لە ناوچەکەدا کاربکەن. ئەو وێنانەی پێشتر دیوارەکەیان رازاندبووەوە، وێنەی ئەو شەڕڤانە کوردانە بوون کە لە 15 ساڵی شەڕی دژی گرووپە جیهادییەکاندا گیانی خۆیان بەخت کردبوو، بەڵام ئێستا هیچیان نەماون.
لە شوێنی ئەوان، وێنەی دیمەنی سرووشتیی ئەورووپا و ئەسپ دانراوە کە لەنێو کێڵگەی سەوزدا رادەکەن. تابلۆکانی رێنمایی سەر شەقام بە زمانی عەرەبین، تەنیا ساڵنامەیەک نەبێت کە لە گۆشەیەکدا هەڵواسراوە و ئاماژە بە دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی دەکات.
ئەو پیاوەی بەرپرسە رەتیدەکاتەوە ناوی خۆی بڵێ. ئەو هاووڵاتییە نزیکەی 14 کاژێر لە دیمەشقەوە بە رێگەوە دەبێت تاوەکو دەگاتە ئەوێ و هەر جارێک دوو هەفتە لە دەروازەکە کاردەکات. ئەو کەسە نوێنەری حکومەتی دیمەشقە و لە کۆتاییدا قسەی کۆتایی لای ئەوە.
ئەمە دیمەنێکی بچووکە کە وێنای ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە دەکات لە سەرانسەری رۆژئاوای کوردستان لە ئارادایە، ئەوەش تەنیا شەش مانگ دوای ئەو شەڕەی نێوان هەسەدە و دیمەشق دێت کە هاوسەنگی هێزی بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە گۆڕی.
بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان پێی گوتم: "ئەوان [کوردانی سووریا] هێشتا لە شۆکدان. کاتێک ئێمە شەڕی بەغدامان دەکرد، هەموو جیهان دژی سەدام حوسێن بوو. ئێستا هەموو کەس لە جیهاندا لەگەڵ ئەحمەد شەرعە. ئەوان لە دۆخێکی قورسدان."
بۆ نزیکەی 15 ساڵ، کوردی رۆژئاوای کوردستان شەڕی چەندین گرووپی جیهادی یەک لە دوای یەکی کرد، لە سەرووی هەموویشیانەوە رێکخراوی داعش.
بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 لە سووریا هەڵات، بەوەش کۆتایی بە زیاتر لە نیو سەتە لە دەسەڵاتی تاکڕەوی هات. دیمەنەکانی زیندانی سیدنایا و زیندانەکانی دیکە شایەتییان لەسەر چەندین دەیەی تیرۆری دەوڵەت دەدا، کە شۆکی بۆ هەموو جیهانی ئازاد دروست کرد.

هێزەکانی ئەحمەد شەرع لە کۆتایی ئەو ساڵەدا دیمەشقیان کۆنترۆڵ کرد و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش کە کورد سەرکردایەتی بەشی زۆری دەکرد، نزیکەی ساڵێک لە دانوستاندن لەگەڵ دەسەڵاتدارە نوێیەکان بەردەوام بوو. ئەو گفتوگۆیانە نەیانتوانی رێگری لە چەند هەفتەیەک شەڕ بکەن لە نێوەڕاستی زستانی ئەم ساڵدا. هێزە کوردییەکان لە شەڕەکەدا زۆربەی ئەو ناوچەیان لەدەستدا کە پێشتر بە پاڵپشتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کۆنترۆڵیان کردبوو.
"کورد دەسەڵاتدارە"
ئاگربەستێک لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم دا کۆتایی بە شەڕە گەورەکە هێنا. لەو کاتەوە، ناوچەکە تا رادەیەکی زۆر بە ئارامی ماوەتەوە. بەڵام ئارامییەکە مسۆگەر نییە.
لە سێمالکاوە تاوەکو قامشلۆ، هێزەکانی ئاسایش هێشتا لە بازگەکاندا دەبیندرێن، بەڵام ژمارەیان وەک جاران نییە. رێگەکە کە پێشتر بە چاڵ و چۆڵییەکانی ناوبانگی دەرکردبوو، لە هەندێک شوێن چاککراوە. شارۆچکەکانی سەر رێگەکە قەرەباڵخ دەردەکەون و بازاڕەکان کراوەن.
هەروەها خەڵکی نوێش چوونەتە ئەوێ. هەوڵماندا لە یەکێک لە هۆتێلە باشەکانی قامشلۆ بمێنینەوە، بەڵام پێمان گوترا کە ئەو ئەمریکییانەی لە بواری نەوت کار دەکەن، زۆربەی ژوورەکانیان گرتووە.

ئێستا دیمەشق کۆنترۆڵی دامەزراوەی نەوتی ناوچەکە، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە، هەروەها دەروازەی بازرگانی نێوان قامشلۆ و نوسەیبینی باکووری کوردستان دەکات. دەروازەکە هێشتا بە تەواوی نەکراوەتەوە، بەڵام ئامادەکارییەکان بەردەوامن و زۆرێک لە دانیشتووان هیوادارن بازرگانی لەگەڵ تورکیا دواجار ئاهێک بە بەر ئابوورییە چەقبەستووەکەی قامشلۆدا بکاتەوە.
لە رووکەشدا، زۆربەی شارەکە وەک پێشتر دەردەکەوێ. هێزەکانی ئەسەد لە چوارگۆشەی ئەمنیی قامشلۆ گۆڕدراون بە هێزێکی بچووک کە ئەوانیش سەر بە دیمەشقن. ئەوان لەنێو شاردا ناگەڕێن. ئاسایش هێشتا بە ئۆتۆمبێلەکانیان لە شەقامەکاندا دەبینرێن و لە بازگە کاتییەکانیش دەردەکەون.

یاخیبوون و بەرەنگاریش بەدیدەکرێ. کاتێک لە هۆگری تەمەن 28 ساڵ و خاوەنی فرۆشگای مۆبایلم پرسی: "ئێستا کێ لێرە دەسەڵاتدارە"؟ لە وەڵامدا گوتی: "کورد؛" گوتیشی: "هێزەکانی حکومەتی ناوەندی میوانن."
قامشلۆ وەک شارێکی پڕ لە تۆز، خۆڵ و تەل و وایەر ماوەتەوە. تەلە تێکئاڵاوەکانی کارەبا بە شەقامەکاندا شۆڕبوونەتەوە. کارەبای نیشتمانی جێی متمانە نییە و موەلیدە ئەهلییەکان تەنیا کارەبایەکی سنووردار دابین دەکەن. پانێڵەکانی کارەباش بە شێوەیەکی بەرچاو سەربانی ماڵەکانیان داپۆشیوە.
چەند باڵەخانەیەک لە قۆناخی دروستکردندان. بەڵام زۆربەی ناوچەکانی دیکەی شارەکە وا دەردەکەون کە چاوەڕێی شتێک دەکەن و هەناسەیان سوار بووە.
"داهاتوو نادیارە"
مەنال محەممەد، ژمێریارێکی تەمەن 48 ساڵ و باوکی سێ منداڵە، زۆربەی ژیانی بە چاوەڕوانی گۆڕانی حکومەتەکان و باشتربوونی ژیان بەسەربردووە. ئەو هاونیشتمانییە لە نێو نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوەکەیدا گوتی: "ئێستا ئاسایش هەیە، بەڵام داهاتوو نادیارە. ئێمە هەموومان تەنیا چاوەڕێین بزانین چی روودەدات."
پێش ئەوەی کار لەگەڵ ژمارە و نرخی دراو بکات، مەنال لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ کاری دەکرد. ئەو هاونیشتمانییە بێسەروبەری و خراپی راییکردنی مامەڵەی سەردەمی رژێمی حافز ئەسەدی لەبیرە. مەنال لە ساڵی 1998دا ناسنامەکەی ون کرد، بەڵام سێ ساڵی پێچوو تاوەکو دەریکردەوە و ئەفسەرانی هەواڵگری لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرد و پرسیاری ئەوەیان لێکرد کە بۆچی ونی کردووە؟
ئەمڕۆ، ئەو هاونیشتمانییە کەمتر خەمی ئەفسەرانی هەواڵگرییەتی و زیاتر خەمی ئەوەیەتی کە خێزانەکان چۆن دەژین. مەناڵ دەڵێ، رەنگە کارمەندێکی پۆلیس تەنیا 100 بۆ 150 دۆلار لە مانگێکدا وەربگرێ و ئاماژە بەوەش دەکات: "هەموو کەسێک لێرە کاری دووەمی هەیە، زەوییەکی کشتوکاڵی هەیە یان خزمێکی لە ئەورووپا پارەی بۆ دەنێرێ."
سێ منداڵەکەی مەنال کە تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 20 ساڵدایە لە قوتابخانەی تایبەتن، بەڵام دڵنیا نییە سووریای داهاتوو چ داهاتوویەکیان پێشکێش دەکات و دەڵێت: "ئەم وڵاتە هیچ سەرکردەیەکی نییە."
رەخنەکانی ئەو هاونیشتمانییە تەنیا لە دیمەشق نین و دەڵێ، ساڵانە 2500 بۆ 3000 دۆلاری وەک باجی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوەکەی داوەتە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، کەچی خزمەتگوزارییەکی کەمی وەرگرتووە؛ هەروەها دەشڵێت، "کوردەکان هەڵەیان کرد کە لە 15 ساڵی رابردوودا پەنایان بۆ سۆشیالیزم برد."
مەنال گومانی هەیە کە ئەحمەد شەرع بتوانێ مافەکانی گەلی کورد دابینبکات، لە کاتێکدا عەقڵییەتی نەتەوەپەرستی بە قووڵی رەگی لە بیرۆکراسی دیمەشقدا هەیە.
خەڵکی ئەم بەشەی کوردستان دوای 15 ساڵ لە شەڕ و زیاتر لە نیو سەتە لە سیاسەتی جیاکاری کە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بەسەریاندا سەپێندرابوو، فێری خۆڕاگری بوون. دەیان هەزار کورد بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی لە ساڵی 1962 گیرانەبەر، ناسنامە و بەڵگەنامەکانی هاوڵاتیبوونیان لێ سەندرایەوە، ئەمەش وای لێکردن بە کردەیی لەنێو کۆمەڵگەدا وەک "نەبینراو" بمێننەوە. بەبێ ناسنامە، زۆر کەس نەیاندەتوانی منداڵەکانیان لە قوتابخانە تۆماربکەن و دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات.
ئەو مێژووە گومانێکی قووڵیشی بەرامبەر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی چاندووە، کە ئەم گومانە زیاتر لەوەی پەرچەکردارێکی سیاسی بێت، میکانیزمێکی مانەوەیە و لە چەندین نەوەدا شێوەی گرتووە.
ئەحمەد شەرع هەندێک هەنگاوی ئەرێنی ناوە، بەڵام بونیاتنانەوەی متمانەی کورد بە دیمەشق کاتێکی زۆر زیاتری دەوێ.
قامشلۆ خۆی ئارامە. ئیدارەی کوردی سیکیولارە و جەختێکی زۆر لەسەر بەشداریی ژن لە ژیانی رۆژانە و بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا دەکاتەوە.
سەرەڕای دۆخی نالەباری رێگەکان، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەنگی هۆڕن کەمە. ژن و پیاو بە ئاسانی لە کافتریا و باڕەکاندا تێکەڵ دەبن. ژیانی رۆژانە زۆرجار بە تەواوی ئاسایی دەردەکەوێ تاوەکو ئەو کاتەی کارەبا دەبڕدرێ.

کەمیی کارەبا
کەمێک دوورتر، لە تەنیشت گۆڕستانێکی ئاشوورییەکان، دوو پیاو سەرقاڵن بە دابینکردنی کارەبا بۆ بەشێکی شارەکە کاتێک کارەبای نیشتمانی دەبڕدرێ.
خالید سیغ، باوکی 3 منداڵ و محەممەد مەروان خاوەنی موەلیدەیەکی گەڕەکەکەن کە کارەبا بۆ نزیکەی 250 ماڵ دابین دەکات.
دەنگی موەلیدەکە زۆر بەرزە. دوو کارمەندی گەنج موەلیدەکە بەڕێوە دەبەن بە مووچەی نزیکەی 140 دۆلار بۆ هەر یەکێکیان لە مانگێکدا.
خالید دەڵێ، بۆ دابینکردنی 8 کاژێر کارەبا لە رۆژێکدا بۆ بەشداربووان، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 13000 لیتر سووتەمەنییە. لە کاتی شەڕەکەی مانگی کانوونی دووەمدا خواست لەسەر کارەبا زیادی کرد، چونکە دەیان هەزار ئاوارە روویان لە قامشلۆ کرد و زۆربەیان لە قوتابخانەکاندا مانەوە.
ئێستا ئاوارەکان تا رادەیەکی زۆر گەڕاونەتەوە، بەڵام بازاڕ هێشتا نەبووژاوەتەوە.
محەممەد لەگەڵ دەنگی موەلیدەکەدا هاواری کرد: "ژیانمان لە دوای رێککەوتنەکەی مانگی کانوونی دووەمەوە خراپتر بووە."
پانێڵەکانی وزەی خۆر وردە وردە جێگەی موەلیدە تایبەتەکان دەگرنەوە. ئەو خێزانانەی ناتوانن پانێڵەکان بیکڕن، بە قەرز وەریاندەگرن و زۆرجار مانگانە نزیکەی 100 دۆلار وەک قیست دەدەن.
محەممەد گوتی: "پێشتر 1300 ئەمپێرمان دابین دەکرد، بەڵام ئێستا تەنیا 300 ئەمپێر دابین دەکەین."
تەنانەت لەنێوان ئەو کڕیارانەش کە ماونەتەوە، هەژاری بە روونی دیارە.
خالید گوتی: "20 خێزان بە زەحمەت پارەی کارەباکەیان بۆ دەدرێ، ئەوان زۆر هەژارن."
لە گۆشەیەکی ژووری تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی کاری موەلیدەکەدا تابلۆیەک هەیە کە وێنەی فەرماندەیەک بە ناوی (دژوار کۆبانی) دەبیندرێ، کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات.
محەممەد گوتی: "هاوڕێیەکی باش بوو" و باسی لەوە کرد، تابلۆکەی لەوێ داناوە تاوەکو ئەو قوربانییانەی بۆ پاراستنی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان دراون، لەبیر نەکرێن. دژوار کۆبانی لەگەڵ شەڕڤانێکی دیکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هێرشێکی درۆنی تورکیادا لە ئابی 2022دا کوژرا.
هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی رۆژئاوا زیاتر لە 10 هەزار شەڕڤانیان لە 15 ساڵی شەڕی گرووپە جیاوازەکان، لەوانەش داعش لەدەستدا. ئێستا بەرە بەرە نیشانەی کەمی ئەو هێزانە دەمێنێت، چونکە تێكەڵی دەزگا ئەمنییە فراوانەکانی سووریا دەکرێن، کە لە چەند لیوایەکدا دەبن.

مردووەکان فەرامۆش کراون
بەرامبەر موەلیدەکە، بەشار یەعقوب جۆرج رۆژەکانی لە شوێنێکی بێدەنگتردا بەسەردەبات.
بەشار لە ساڵی 1978 لەدایکبووە، پاسەوانی گۆڕستانێکی ئاشوورییەکانە، باڵابەرز و ریشدرێژە، زۆربەی ژیانی لەنێوان گۆڕەکان، بە جگەرەکێشان و سەیرکردنی ئەو باڵندانە و پەلەوەرانە بەسەر دەبات کە لە نێو گۆڕستانەکەدان.
مریشک و قەلەکانی بەشار لە گۆڕستانەکەدا دەسووڕێنەوە. ئەو هاووڵاتییە دەڵێت: "هێلکەکانیان کۆناکەمەوە، هەر دانەیەکیان لە تەنیشت گۆڕێک هێلکە دەکات و دۆزینەوەیان قورسە."
دایک، باوک و برایەکی ئەو هاووڵاتییە کە لە رووداوێکی ئۆتۆمبێلدا گیانی لەدەستداوە، لێرە بەخاک سپێردراون.
گۆڕستانەکە خۆی چیرۆکێکی دیکە لەبارەی قامشلۆ دەگێڕێتەوە. ژمارەی کریستیانەکانی شارەکە بە ئاشووری، کلدانی، ئەرمەنی و سریانییەکانەوە، دوای ساڵانێک لە شەڕ و کۆچکردن کەمیکردووە. هەندێک لە گۆڕەکان تەنانەت خەریکە نامێنن.
بەشار ئەو کاتە پارەی دەستدەکەوێ کە خێزانەکان داوای لێدەکەن گۆڕێک چاک بکاتەوە و دەڵێت: "بەڵام زۆر کەس نایانەوێ گۆڕەکان چاک بکەنەوە. ئەوان مردووەکانی خۆیان فەرامۆش کردووە."
یەکێک لەو گۆڕانەی کە بەشار فەرامۆشی نەکردووە، گۆڕی هاوڕێیەکی نزیکیەتی بە ناوی مایکڵ شەلمۆن، کە ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوو و کە لە کاتی هێرشە گەورەکەی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە لە ساڵی 2022دا کوژرا.

بەشار لەوبارەیەوە دەڵێ: "شەوی پێش ئەوەی مایکڵ بڕوات بۆ غوێران، لەگەڵی بووم. پێی گوتم ئەگەر لە شەڕدا کوژرام، لەم شوێنەدا بە خاکم بسپێرە."
بەشار پێیوایە کریستیانەکان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کورددا بە پارێزراوی دەمێننەوە و سەرسامە بە فەرماندە مەزڵووم عەبدی، بەڵام دەترسێت لەوەی چی روودەدات ئەگەر دیمەشق دەسەڵاتەکەی زیاتر فراوان بکات و دەڵێت: "شێوازی بیرکردنەوەیان لەو کاتەوەی هاتوونەتە سەر دەسەڵات نەگۆڕاوە، هێشتا خاوەنی عەقڵییەتە تووندڕۆکەی خۆیانن."
ئەو ترسە بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی بەرامبەر پێکهاتەکان لە ناوچەکانی دروز و عەلەوییەکان ئەنجامیانداوە، زیاتر بووە.
رێکخراوی (سوورییەکان بۆ راستی و دادپەروەری) ئەم هەفتەیە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، قسەی دەستگیرکراوانی ئازادکراو و کەسوکاریان ئەوە دەردەخات کە دەستگیرکراوەکان رووبەڕووی لێدان، سووکایەتیپێکردن و کوشتن دەبنەوە و هۆشداریشیان دا کە "ئامێرەکانی تووندوتیژی"ی سووریا جارێکی دیکە دروستکراونەتەوە.
بۆ بەشار، مشتومڕە سیاسییەکان لەبارەی داهاتووی سووریا لە تەنیشت کێلی گۆڕەکانەوە زۆر دوور دەردەکەون. لێم پرسی رۆژانە هاتن بۆ ئێرە و بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەگەڵ مردووەکان چۆنە؟ گوتی: "من لەگەڵ مردووەکاندا زیاتر هەست بە ئارامی دەکەم وەک لە زیندووەکان."
شۆفێری تاکسییەکە
فەواز دیاب، تەمەن 43 ساڵ، رۆژەکانی لە پشت سووکانی تاکسییەکی زەردی دروستکراوی ئێران بەسەردەبات. ئۆتۆمبێلەکە فێنککەرەوەی نییە، لە گەرمای 40 پلەی قامشلۆدا، نێوی وەک ساونا وایە.
فەواز چەند ساڵێک لەمەوبەر ئۆتۆمبێلەکەی بە نزیکەی 5000 دۆلار کڕی. ئۆتۆمبێلە ئێرانییەکە خۆی پاشماوەی سەردەمی ئەسەدە، کاتێک کاریگەرییە ئابووری و سیاسییەکانی تاران هەموو سووچێکی سووریای گرتبووەوە. ئۆتۆمبێلی سایپا کە هەناردەی سووریا دەکرێ، لە ئێران بە "عەرەبانەی مردن" ناسراوە، بەهۆی کواڵیتییە نزمەکەی و رێژەی زۆری قوربانییەکان لە رووداوەکاندا.
بەڵام فەواز کاتی بۆ جیۆپۆلەتیک نییە. ئەو هاونیشتمانییە دەبێت پێنج منداڵ بەخێو بکات. کاتێک بە ناو شاردا دەڕۆین، دەڵێت: "ماوەیەکی زۆرە خەڵک مافیان پێشێل کراوە. سوێند دەخۆم، ئەمڕۆ لە ماڵ دەرچووم و هیچ پارەیەک لە ماڵەکەدا نەبوو."
قسەکانی ئەو هاونیشتمانییە گوزارشت لە نیگەرانییەکانی قامشلۆ دەکەن، شەش مانگ دوای کۆتاییهاتنی شەڕ. ئاسایش هەیە، بازگەکان بێدەنگترن، درۆنەکانی تورکیا چیدیکە فەرماندە کوردەکان ناکەنە ئامانج. دیمەشق و دەسەڵاتە کوردییەکە لەبری شەڕ، لەسەر مێزی دانوستاندن کۆدەبنەوە. فەواز گوتی: "هیوای باشترین دەخوازین و داوا لە خودا دەکەین هاوکارمان بێت."
بەڵام ئاشتی هێشتا خۆشگوزەرانی بەرهەم نەهێناوە. گەنجان بەردەوامن لە رۆیشتن بۆ دەرەوە. بەم دواییە، دەسەڵاتدارانی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان گرووپێک گەنجی کوردی کۆبانێ و حەلەبی دەستگیرکرد کە بەبێ بەڵگەنامە لە ئێرانەوە دەچوونە هەرێمی کوردستان.

لەنێوانیاندا عەبدۆ ئەحمەدی تەمەن 17 ساڵ هەبوو، کە گوتی زێڕی دایکی فرۆشتووە بۆ دابینکردنی خەرجی گەشتەکەی تاوەکو کار بدۆزێتەوە. ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا و لە سێمالکاوە دیپۆرت کرایەوە.
عەبدۆ و ئەوانی دیکە لە کۆبانێوە چووبوونە دیمەشق و پاشان بە فڕۆکە بۆ دووبەی، لە دووبەیەوە بۆ ئێران و دواتر بۆ هەرێمی کوردستان. عەبدۆ گوتی: "هەر کە گەیشتمەوە کۆبانێ، پلان بۆ گەشتێکی دیکە دادەنێم. زۆر گەنج لێرە دەڕۆن چونکە کار نییە."
لە بەرامبەردا، مەزڵووم عەبدی، کەسایەتی دیاری سیاسەتی کوردی لە رۆژئاوا کە بۆ چەندین ساڵ فەرماندەیی دەیان هەزار شەڕڤانی هەسەدەی لە شەڕی دژی داعش دەکرد، گەشبینە بە دەرفەتی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەگەڵ دیمەشق.
مەزڵووم عەبدی ستایشی گەنجانی کوردی کرد بۆ هەڵگرتنی چەک و پاراستنی خاکەکەیان بۆ چەندین ساڵ، بەڵام پێیوایە کاتی شەڕ کۆتایی هاتووە. مەزڵووم عەبدی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دلبخوین دارا لە تۆڕی میدیای رووداو کە لە نزیک حەسەکە ئەنجامدراوە گوتی، "هەرچییەک بۆ گەلەکەمان باش بێت، ئەوە دەکەم."
مەزڵووم عەبدی دانی بەوەدا نا کە دەسەڵاتدارە کوردەکان لە 15 ساڵ بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا هەڵەیان کردووە.
مەزڵووم عەبدی ئەو بۆچوونەی رەتکردەوە کە گوایە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا لە کاتی شەڕی سەرەتای ئەم ساڵدا ناپاکییان لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان کردووە و گوتی، واشنتن لە سەرەتاوە روون بووە کە ئەرکەکەی لە رۆژئاوای کوردستان لەسەر شەڕی تیرۆر چڕبووەتەوە. ئەو فەرماندەیە کەمێک بێدەنگ بوو و پاشان بە هێمنی گوتی: "هیوام دەخواست زیاتریان کردبایە."
ئەو ئەمریکییانەی لە کەرتی نەوت کاردەکەن، لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ دەرهێنانی سامانی ناوچەکە. زۆرێک لەو کەسانەش لە قامشلۆ و ناوچەکەدا ماونەتەوە هەست دەکەن هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە چاوەڕوانیکردن.
لە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوەکە، مەنال کەمێک گەشبینترە و دەڵێت: "لە سووریای ئەمڕۆدا، دوو جۆر خەڵکت هەیە: هەژار و دەوڵەمەند، نزیکەی هیچ کەسێکیش لەو نێوانەدا نییە."
پاشان مەنال گوتی: "ئێمە وەک کورد لە مێژووی خۆماندا زۆر شتمان بینیوە. ئەم سەردەمەش تێدەپەڕێ." ئەو هاونیشتمانییە ماندووە کەمێک بێدەنگ بوو و پاشان گوتی: "هیوادارم سوود لە هەڵەکانمان وەربگرین."


