رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی پیرانشار- نەغەدە، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ روویدا و بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکە بریندار بوون.
رووداوەکە کاژێر 12:00ی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026 روویداوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئۆتۆمبێلێکی جۆری دێنا و سایپا پێکیاندا داوە و دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی (مەهدی مەعرووفی و هیوا یوسفی) گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکە بریندار بوون.
قوربانییەکان خەڵکی پیرانشارن و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. هاونیشتمانییەک بە رووداوی راگەیاند، دۆخی شوفێری ئۆتۆمبێلی سایپاکە "زۆر خراپە" چونکە بەهۆی پێکدادانەکەوە ئۆتۆمبێلەکان ئاگریان گرتووە.
ساڵانە هەزاران کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدەن یان بریندار دەبن.
بە گوێرەی دوایین ئاماری دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو 19 هەزار و 540 کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.




