رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بۆتێکی تێلەگرام کە زانیاریی کەسیی هاونیشتمانییان ئاشکرا دەکات، روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیێنێت؛ ئەو داتایانەی بڵاوبوونەتەوە نوێ نین و لە سیستمە کۆنەکانەوە دزەیان کردووە؛ هاوکات هۆشداریش دەداتە مووچەخۆران و هاونیشتمانییان کە بە هیچ جۆرێک لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە زانیاریی سەر کارت و هەژمارە بانکییەکانیان نەدەنە هیچ کەس و لایەنێک.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بڵاوبوونەوەی بۆتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلەگرام نیگەرانی و ترسی لای هاونیشتمانییان دروستکردووە. بۆتەکە لەلایەن گرووپێکەوە بە ناوی (Cyber Dragons) دانراوە کە تێیدا تەنیا بە نووسینی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل، زانیاریی وردی کەسیی وەک: ناوی سیانی، ژمارەی مۆبایل و تەنانەت ناوی سیانیی دایک و باوکی خاوەن ئۆتۆمبێلەکە بە هەر کەسێک دەدات کە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ببێتە ئەندامی گرووپەکە.
داتاکان چۆن کەوتوونەتە دەست ئەم هاککەرانە؟
شکار تەیب نووری، بەرپرسی پاراستن و پەرەپێدان لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، وێڕای دڵنیاکردنەوەی هاونیشتمانییان گوتی: "ئێمە لەم بابەتە و چەندین بۆتی هاوشێوەی پێشتریش بە تەواوی ئاگادارین. ئەم داتایانە بە هیچ شێوەیەک نوێ نین، بەڵکو داتای کۆنن و پێشتر لە تۆڕی تاریک (Dark Web) فرۆشراون."
سەبارەت بە سەرچاوەی دزەکردنی داتاکان شکار تەیب نووری روونیکردەوە: "ئەم زانیارییانە رەنگە پێشتر بەهۆی هاککردنی سیستمی کۆن، یان کەمتەرخەمیی بەکارهێنەرانی سیستمەکە لە دزەپێکردنی وشەی نهێنی (یوزەرنەیم و پاسۆرد) دزەیان پێکرابێت، هەروەها تەنیا پەیوەست نین بە دامەزراوەکانی هەرێمەوە، بەڵکو داتای کۆنی حکومەتی فیدراڵ (وەک داتاکانی فۆرمی خۆراک) و تەنانەت داتای کۆمپانیا تایبەتەکانیشی تێدایە. ئەم گرووپانە دێن لە دارک وێب ئەو داتا جیاوازانە دەکڕنەوە، لە داتابەیسێکدا کۆیان دەکەنەوە و بە یەک رووکار (ئینتەرفەیس) لە تێلەگرام یان ماڵپەڕدا بە خەڵکی دەفرۆشنەوە."
سیستمە نوێیەکانی حکومەت چەندە پارێزراون؟
بەرپرسی پاراستن لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ داتایەکی نوێ لەنێو سیستمەکەدا نییە و گوتی: "خۆشبەختانە ئەو سیستمانەی کە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەرپەرشتییان دەکات، وەک سیستمی نیشتمانیی 'کەی ئار دی پاس' و داتابەیسی ناوەندیی مووچە، بە بەرزترین ستانداردی جیهانی پارێزراون و تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە دزەکردنێکیان تێدا رووی نەداوە؛ رۆژانەش رووبەڕووی دەیان هێرشی ئەلیکترۆنی دەبینەوە بەڵام توانراوە بەرپەرچ بدرێنەوە."
سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو داتایانەی پێشتر دزراون چارەسەریان چییە، شکار تەیب گوتی: "بەداخەوە ئەو داتایانەی کە پێشتر دزراون، لە دەستی هاووڵاتی و ئەو لایەنانەش دەرچوون کە دزەکەیان لێکراوە، بەڵام بۆ سیستمە کۆنەکانی وەزارەتەکان، پلانمان هەیە و کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو سەرجەمیان نوێ بکرێنەوە و ئاستی پاراستنیان بەرز بکرێتەوە."
رێکاری یاسایی و داخرانی بۆتەکە
لەبارەی راگرتنی چالاکییەکانی ئەو گرووپە هاککەرە، شکار تەیب رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەروەها راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای تێلەگرام و ئەو لایەنانەی کە خزمەتگوزاریی دۆمەین و هۆستینگیان بەو ماڵپەڕانە فرۆشتووە لەسەر هێڵین؛ بەدواداچوونی وردمان کردووە و لە زووترین کاتدا هەواڵی دڵخۆشکەر لەبارەی لەکارخستن و راگرتنیان دەبیستن."
چاودێریی ئەپڵیکەیشنەکان و سوودوەرگرتن لە توانای گەنجان
سەبارەت بەوەی ئایا ئەپڵیکەیشنە ناوخۆییەکان زانیاریی هاووڵاتییان دەدزن، شکار تەیب نووری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکی سەرەکیی ئەوان پاراستنی داتای دامەزراوەکانی حکومەتە، بەڵام لە رێگەی کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە بەردەوام چاودێریی دزەکردنی داتا (Data Leaks) دەکەن تاوەکو لە ئەگەری بوونی هەر کەلێنێکی ئەمنی دەستبەجێ چارەسەری بکەن.
هەروەها پەیامێکی ئاراستەی هاککەرە گەنجەکان کرد و گوتی: "داوا لەو گەنجانە دەکەین کە ئەم جۆرە توانست و بەهرەیەیان هەیە، پەیوەندیمان پێوە بکەن و تواناکانیان بۆ کاری باش و پاراستنی سیستمەکان بەکاربهێنن نەک کاری نایاسایی؛ لە رابردووشدا گەنجی لەم شێوەیە هەبووە کە هاوکاریی حکومەت و کەرتی تایبەتی کردووە و کۆمپانیای تایبەتی خۆی دامەزراندووە."
ئایا هەژماری بانکیی مووچەخۆران لە مەترسیدایە؟
سەبارەت بە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مەترسیی هاککردنی هەژمارەکان، بەرپرسی پاراستن و پەرەپێدان لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا دڵنیایی دا و گوتی: "لە سیستمی ناوەندیی مووچەدا، بە هیچ شێوەیەک زانیاریی کارتی بانکی و نهێنیی هەژماری هاونیشتمانییان لای ئێمە هەڵناگیرێت، چونکە ئەمە لە تایبەتمەندیی ئەو بانکانەیە کە بەشدارن و ئاستی پارێزراوی (سکیوریتی)یان زۆر بەرز و پێشکەوتووە."
شکار تەیب نووری هۆشدارییەکی گرنگی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "مەترسیی هەرە سەرەکی و راستەقینە لەسەر بانکەکان نییە، بەڵکو لەسەر کەمتەرخەمیی خودی هاووڵاتییانە؛ رەنگە کەسێک لە دەرەوە پەیوەندییان پێوە بکات و خۆی وەکو کارمەندی بانک یان فەرمانگەیەکی حکومی بناسێنێت و داوای زانیاریی سەر کارت، کۆدی کاتی (OTP) یان وشەی نهێنی (پاسۆرد) بکات. پێویستە هاونیشتمانییان هۆشیار بن کە هیچ بانکێک و هیچ دامەزراوەیەکی حکومی بە تەلەفۆن داوای ئەو زانیارییە نهێنییانە ناکات، بۆیە نابێت بە دەستی خۆیان داتاکانیان رادەستی هاککەران بکەن."


