رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلوول 2026 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سیمینارێکی لەسەر سەرەتای بزووتنەوەی سیاسیی لە رۆژئاوای کوردستان بۆ د. ئازاد عەلی، نووسەر و لێکۆڵینڤان و سیامەند حاجۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی لە هەولێر ساز کرد.
سیامەند حاجۆ، سێ بەڵگەنامەی ساڵی 1926ی پێشکێشکرد کە لە ئەرشیفی فەرەنسادا دۆزراونەتەوە. ئەم بەڵگەنامانە باس لە رێکخراوێکی کوردی دەکەن بە ناوی (کۆنگرەی رزگارکردنی کوردستان). ئەم رێکخراوە لە گوندی دیگرێ لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە و کۆمیتەی باڵا و کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆکی هەبووە.
هەردوو لێکۆڵینڤان ئەم رێکخراوەیان وەک یەکەم رێکخراوی سیاسیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ناساند. پێشنیازیشیان کرد کە ساڵی 1926 وەک سەرەتای سەد ساڵەی بزووتنەوەی سیاسیی رێکخراوەیی لەو بەشەی کوردستان دابنرێت. بەم پێیە، ئەم بزووتنەوەیە 31 ساڵ پێش دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا لە ساڵی 1957 دەستی پێکردووە. لە بەشی دووەمی گفتوگۆدا چەند بەشداربوویەک پرسیار و رەخنە و تێبینیی جیاوازیان لەبارەی بەڵگەنامەکانەوە خستەڕوو.
د. ئازاد عەلی لە سەرەتای سیمینارەکەدا گوتی: "بەشی سەرەکیی سیمینارەکە دۆکیۆمێنتاری و بەڵگەدارکردنە. ئامانجی نوێکردنەوەی مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی رێکخراوەییە لە رۆژئاوای کوردستان. بە بۆچوونی من، مێژووی کورد زۆرجار خەڵکی دیکە نووسیویانە. بەهۆی کارەسات و رووداوە خراپەکانیشەوە زۆر بەڵگە ون بوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا توێژەرانی کورد و زانکۆ و سەنتەرەکانی توێژینەوە بەڵگەی نوێیان دۆزیوەتەوە. ئەم بەڵگانە سەرەتا و رەنگ و رەهەندی کوردستانیی ئەو بزووتنەوەیە دووبارە روون دەکەنەوە".
بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان یەک بزووتنەوە بووە
د. ئازاد عەلی رەخنەی لەو بۆچوونە گرت، کە دەڵێت هەر پارچەیەکی کوردستان بزووتنەوەکەی لە سفرەوە دەستی پێکردووە. بە بڕوای ئەو، بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان یەک بزووتنەوە بووە.
چەندین نموونەش لەوبارەیەوە هەیە وەک:
- راپەڕینی عیزەددین شێر (1855): بەپێی قسەکانی د. ئازاد عەلی، دوایین شەڕی ئەو راپەڕینە لە 12ی شوباتی 1855 لە نێوان گوندەکانی دێرونا ئاغا و باتیرزان روویداوە، واتە لەسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان. ئەو شەڕە کۆتایی میرنشینە سەربەخۆکانی کوردستان بوو و قۆناخی کوردستانی عوسمانیی ئیداری دەستیپێکرد.
- رێککەوتنامەی سیڤەر و لۆزان: لە کۆنفرانسی ئاشتی لە سیڤەردا کوردستان وەک لایەنێک ئامادە بوو. دوای ئەوەی پڕۆژەی سیڤەر سەری نەگرت، پەیمانی لۆزان (1923) نەخشەی ئەمڕۆی دیاریکرد و هیچ مافێکی کوردی تێدا نەبوو.
- رزگارکردنی دێرەزوور (1921): بەپێی بەڵگەنامەیەکی بنەماڵەی ئیبراهیم پاشای میللی، کورد لە ساڵی 1921دا دێرەزوور و جەزیرەی سووریان لە عوسمانییەکان رزگار کرد. ژەنەراڵ دۆلامۆت، فەرماندەی سوپای فەرەنسا لە حەلەب، سوپاسنامەی بۆ خەنسێ خانم، خێزانی ئیبراهیم پاشا و دواتر بۆ مەحموود بەگی کوڕی ناردووە.
- بەڵگەنامەی 1: سوپاسنامەی ژەنەراڵ دۆلامۆت بۆ خەنسێ خانم / مەحموود بەگ

د. ئازاد عەلی جەختی کردەوە، کە ئەو کاتە نە حکومەتی شام هەبووە و نە جەزیرەی رۆژهەڵاتی فورات بەشێک بووە لە سووریا. دوای سەرکەوتنی حکوومەتی ئەنقەرە، سەرکردەکانی دۆزی کورد ناچار بوون ئەنادۆڵ جێبهێڵن و لە شام و بەیرووت و ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێ ببن و لەوێ درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا.
کۆنگرەی رزگارکردنی کوردستان (دیگرێ، 1926) - سێ بەڵگەنامەکە
سیامەند حاجۆ لە سەرەتای قسەکانیدا باسی سێ بەڵگەنامەی کرد، کە لە ئەرشیفی فەرەنسا لە شاری نانت پارێزراون. کۆدی ئەرشیفییان تۆمار کراوە و هەر توێژەرێک دەتوانێت بیانبینێت. بە گوتەی ئەو، ئەم بەڵگانە دەریدەخەن، کە ئەو رێکخراوە وەک پارتێکی سیاسی کاری کردووە، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
دامەزرێنەران: سەرۆکی رێکخراوەکە د. ئەحمەد سەبری بووە، سەرۆکی هۆزی لۆلان. ئەم هۆزە لە هەر سێ بەشی باشوور و باکوور و رۆژئاوای کوردستان بڵاوە. ئەمینێ پەریخان و حاجۆ ئاغا، سەرۆکی هۆزی هەڤێرکان، نامەکانیان واژۆ کردووە. سەرۆک هۆزی دیکەش واژۆیان کردووە. کۆبوونەوەی دامەزراندن لە گوندی دیگرێ، لە ماڵی عەباس ئاغا (سلێمانی عەباس) کراوە.
نامەی یەکەم بۆ ژەنەراڵ بیلۆت نووسراوە، بەرپرسی گشتیی سەربازیی فەرەنسا لە سووریا و لوبنان. لەم نامەیەدا دامەزرێنەران خۆیان دەناسێنن: (کۆنگرەی رزگارکردنی کوردستانمان دامەزراندووە). سێ داوای سەرەکییان تێدایە:
1. کۆمیتەی باڵا بڕیاری داوە حکومەتێک لە کوردستان دابمەزرێنێت.
2. ئامانجی بنەڕەتییان رزگارکردنی نیشتمانە.
3. داوا لە فەرەنسا دەکەن یارمەتییان بدات.
ئەم نامەیە لە 29ی مانگێکی ساڵی 1926دا نووسراوە. هەروەها ئاماژە بە (خاڵی پازدە) دەکات، کە دەریدەخات رێکخراوەکە پێشتر چەندین بڕیاری دیکەی داوە.
*بەڵگەنامەی 2: نامەی یەکەمی کۆنگرەی رزگارکردنی کوردستان بۆ ژەنەراڵ بیلۆت

نامەی دووەم هەمان داواکان دووبارە دەکاتەوە، بەڵام خاڵێکی بۆ زیاد کراوە: دامەزراندنی حکومەتی کوردی «لە ژێر چەتری فەرەنسادا».
*بەڵگەنامەی 3: نامەی دووەم

نامەی سێیەم لە پێنج خاڵ پێکهاتووە و داوا سیاسییەکانی تێیدا روونترن:
- کوردستان سێ پارچەیە: باکووری کوردستان، کە دەڵێن بەشی گەورەیە؛ باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان یان (کوردستانی ئۆریێنتاڵ).
- گرنگترین داوایان یەکخستنی ئەم سێ پارچەیە و دامەزراندنی کوردستانێکی ئازاد و یەکگرتووە.
- داوا لە فەرەنسا دەکەن لە تورکەکان بیانپارێزێت، (چونکە تورکەکان سەرسەختترین دوژمنی ئێمەن).
*بەڵگەنامەی 4: نامەی سێیەم (پێنج خاڵەکە)

لە نامەیەکی دیکەدا، کە بە عەرەبی نووسراوە، دەڵێن دەیانەوێت راپەڕینێک بکەن. ناوی سەرۆکهۆزەکان دەنووسن و دەڵێن دەتوانن 10 هەزار جەنگاوەر ئامادە بکەن. داوای چەک و داوای ناردنی کەسانی رۆشنبیریش دەکەن.
لەبارەی پێکهاتەی رێکخراوەیی سیامەند حاجۆ ئاماژەی بەوەکرد رێکخراوەکە سێ دەزگای پارتێکی سیاسیی هەبووە: کۆمیتەی باڵا کە بڕیاری دەدا، سەرۆکێک کە نامەکانی بە ناوی (سەرۆک) واژۆ دەکرد و (کۆمیتەی ناوەندیی کۆنگرەی رزگارکردنی کوردستان.)
سیامەند حاجۆ گوتی، "تێبینییەکی سەرنجڕاکێش" هەیە ئەویش سەرۆکهۆزە واژۆکەرەکان هەموویان کوردی باکوور بوون و ساڵی 1926 پەڕیبوونەوە بۆ رۆژئاوا. کۆبوونەوەکە لە ماڵی بنەماڵەی عەباس کراوە، بەڵام ئەو بنەماڵەیە نامەکەی واژۆ نەکردووە. هەروەها، گوتی پێموایە هۆکاری ئەمە نازانرێت و پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە.
لەبارەی کاردانەوەی فەرەنساوە، سیامەند حاجۆ گوتی ژەنەراڵ بیلۆت لە نامەیەکدا نووسیویەتی کە دەبێت ئەم جووڵەیە راگیرێت. د. ئەحمەد سەبرییان بە بیانووی ئەوەی بە قاچاخ پەڕیوەتەوە بۆ سووریا گرت و دوورخستەوە. ئەو لە بنەڕەتدا کوردی باکوور بوو و پاسپۆرتی عێراقیی هەبوو.

پەیوەندی لەگەڵ خۆیبوون
بە گوتەی سیامەند حاجۆ، داوا سیاسییەکانی ئەم رێکخراوە و تەنانەت ناوەکەشی زۆر لە خۆیبوون نزیکن. ئەمینێ پەریخان و حاجۆ ئاغا دواتر لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی خۆیبوون لە بەیرووت (1927) ئامادە بوون و بوونە ئەندامی. ئەو پێیوایە رێکخراوەکە پێش خۆیبوون دامەزراوە و خۆیبوون نییە. دواتر خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و چووەتە ناو خۆیبوونەوە، چونکە رێبازی خۆیبوون رێگەی بە ئەندامبوونی دووانە نەدەدا.
بۆچی ئەم رێکخراوە نەناسراوە؟ سیامەند حاجۆ دوو هۆکاری خستە روو. یەکەم، یەکێک لە دامەزرێنەران ئاغا بووە. دوای 40ـەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بەهێز بوو و نووسەرەکان زیاتر چەپ بوون، بۆیە نەیاندەویست لەسەری بنووسن. دووەم، ئەوانەی مێژووی پارتییان نووسیوە دەیانویست ساڵی 1957 وەک یەکەم دەستپێک دەرخەن. هەروەها گوتی، بەڵگەی زۆرتر لەسەر خۆیبوون هەیە، چونکە بەیرووت ناوەندی فەرەنسییەکان بوو.
ئەڵقە لە دوای ئەڵقە - زنجیرەی رێکخراوەکان لە رۆژئاوای کوردستان
د. ئازاد عەلی خشتەیەکی رێکخراوە سیاسی و کولتوورییەکانی رۆژئاوای کوردستانی نیشان دا، لە ساڵی 1926ـەوە تا دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی) لە 14ی حوزەیرانی 1957. لە ناو ئەم زنجیرەیەدا ئەمانەی ناو برد: یانەی کوردستان، یانەی لاوانی ئامودە (لەگەڵ جگەرخوێن)، یانەی کوردستان لە دیمەشق (عوسمان سەبری)و رێکخراوێک لە جەزیرە لە ساڵی 1945. کاک سیامەندیش (کۆمیتەی گەلانی کورد و سریان و فەلە)ی بۆ خشتەکە زیاد کرد.
د. ئازاد عەلی گوتی ئەلپارتی دواهەمین بەرهەمی ئەم زنجیرەیەیە، نەک سەرەتاکەی و 14 - 15 رێکخراو پێش ئەو هەبوون. رەخنەی لەو بۆچوونە پۆپۆلیستییەش گرت کە دەڵێت، "کورد هەمیشە ناکۆکن." بە بڕوای ئەو، کورد گەلێکی گەورەیە و فرەڕەنگیی سیاسی شتێکی سرووشتییە.
بزووتنەوەی ئۆتۆنۆمیی جەزیرە (1936–1945)
حوسێن عومەر، نووسەر و رۆژنامەڤان لەبارەی کۆنگرەی تۆبس (4ی تەممووزی 1937)ـەوە گوتی، لەم کۆنگرەیەدا 15 سەرۆکهۆز و کەسایەتیی ناوداری کورد بەشدار بوون، لەوانە حاجۆ ئاغا، قەدوور بەگ و نایف پاشای نەوەی ئیبراهیم پاشا. سەرۆکهۆزەکانی جبوور و شەمەر، کە گەورەترین هۆزی عەرەبی ناوچەکەن و یازدە کەسایەتیی مەسیحیش ئامادە بوون. هەموویان دانیان بەوەدا نا کە جەزیرە ناوچەیەکی کوردییە و داوای ئۆتۆنۆمییان کرد، بەم داوایانەوە:
- دەسەڵاتی ناوچەکە لە خەڵکی ناوچەکە بێت.
- زمانی کوردی فەرمی بێت.
- فەرمانبەر و بەڕێوەبەرانی ناوچەکە کورد بن.
د. ئازاد عەلی، گوتی لە ساڵی 1937 لە جەزیرە راپەڕینێک روویدا. پارێزگار گیرا، دەزگای خۆجێیی بە زمانی کوردی دامەزران، ئاڵا و سروودی نەتەوەیی دانران، جەزیرە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە دەستی حکومەتی شامدا نەما. سیامەند حاجۆش گوتی، وتارێکی رۆژنامەی (جومهووریەت)، کە بە زمانی فەرەنسی بڵاو کراوەتەوە، بە وردی باسی پێکهاتەی ئەم بزووتنەوەیە دەکات. بە گوتەی ئەو، بزووتنەوەکە سێ کۆمیتە و لیژنەیەکی باڵای 26 ئەندامیی هەبووە.
چۆن تێکچوو؟ د. ئازاد عەلی لەبارەی هۆکارەکان گوتی ئەم خاڵانەی خوارەوە بووە:
- تێکشکانی فەرەنسا لە جەنگی دووەمی جیهانیدا.
- رادەستکردنی ئەسکەندەروون (هاتای) بە تورکیا لە ساڵی 1939، بۆ ئەوەی تورکیا لەگەڵ ئەڵمانیا نەوەستێت.
- هاتنی ئینگلیزەکان و سەودای ئەوان لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی کورد هیچ حوکمێکی خۆجێیی نەبێت.
- لە ساڵی 1945دا جەزیرە و ناوچە کوردییەکان رادەستی حکومەتی شام کران.
فەرەنسا - دوو خوێندنەوەی جیاواز
لە سیمینارەکەدا دوو خوێندنەوەی جیاواز بۆ رۆڵی فەرەنسا لەو کاتەدا کرا د. ئازاد عەلی پێیوایە فەرەنسا وەک ئینگلیز دەوڵەتێکی داگیرکەر بوو، نەک یارمەتیدەری کورد. دوو (درۆی گەورە)ـی لە مێژوونووسی دا دانا: یەکەم، داهێنانی چەمکی (کەمینە) بۆ کورد؛ دووەم، ئەو بۆچوونەی کە ناوچە کوردییەکان لە یەکدی جیا بوون. بە گوتەی ئەو، کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی سووریا نزیکەی دوو هەزار گوندی کورد هەبوون. د. ئازاد گوتی دوو جار، لە ساڵانی 1937 و 1945دا، هێزە نێودەوڵەتییەکان رێگەیان نەداوە شتێکی تایبەت بۆ کورد دروست ببێت.
لە بەرامبەردا سیامەند حاجۆ گوتی، هەڵوێستی فەرەنسا ئاڵۆزتر بوو. بەرپرسانی فەرەنسی لە ناوچەکە هاوسۆزییان هەبوو و تەنانەت داوایان لە حکومەتی سووریا کرد ئۆتۆنۆمی بە کورد بدات، بەڵام بڕیاربەدەستانی پاریس نەیاندەویست بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێز دروست ببێت، یان جەنگاوەران بچنە باکوور و پەیوەندیی فەرەنسا لەگەڵ تورکیا تێکبدەن. حکومەتی نەتەوەپەرستی عەرەب لە دیمەشقیش، کە لە 1936ـەوە هاتبووە سەر دەسەڵات، ئۆتۆنۆمیی قبووڵ نەکرد.
لەبارەی بەعەرەبکردنی سووریا لە بەشی گفتوگۆدا گوترا کە بەعەرەبکردنی سووریا بڕیارێک بوو لە دەرەوە. بە گوتەی یەکێک لە بەشداربووان، زۆربەی نوخبەی سیاسی و ئابووری و دەرەبەگەکانی دەوروبەری شام کورد بوون.
پێشنیازی 1926 وەک سەرەتای سەدەی بزووتنەوەکە
د. ئازاد عەلی پێشنیازی کرد کە ساڵی 1926 وەک رێککەوتی دامەزراندنی یەکەم رێکخراوی سیاسیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دابنرێت. پێنج هۆکاری بۆ ئەم پێشنیازە خستە روو:
1. بەڵگەنامەکان پێکهاتەی پارتێکی سیاسی دەردەخەن.
2. داوای سیاسیی روونیان لە دەسەڵاتێکی دەوڵەتی کردووە، واتە دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی بۆ سەرتاسەری کوردستان.
3. ویستوویانە کەسایەتی و هۆزەکان بەپێی رۆحی سەردەم رێکبخەن.
4. داوای یەکخستنی پارچەکانی کوردستانیان کردووە.
5. ئەم خەباتە لەسەر جوگرافیای رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووەو ئەمە بەرپرسیارێتیی ئەو بەشەی کوردستان گەورەتر دەکات.
د. ئازاد عەلی گوتیشی، دامەزراندنی رێکخراوی سیاسی لە گوند و شارۆچکەکانی رۆژئاوا شێوەیەک بوو لە سەروەریی نەتەوەیی، و ئەو رەواییە بەردەوامە. ئەگەر ئەمڕۆ مۆڵەت لە دیمەشق داوا بکرێت، باشە. بەڵام ئەگەر نەدرا، کۆمەڵگەی کورد دەبێت خەباتی سیاسیی خۆی نوێ بکاتەوە و بەردەوام بێت.
گفتوگۆ - پرسیار و رەخنە و تێبینییەکان لە ئامادەبووانەوە
د. ئیسماعیل حەساف، یەکێک لە بەشداربووان گوتی: "دەبوو سیمینارەکە زیاتر باسی دۆخی ئێستا و ستراتیژی داهاتوو بکات". هەروەها گوتی ناکرێت تەنیا بە بەڵگەنامەیەکی پشتڕاستنەکراوە بگوترێت ئەمە سەرەتای بزووتنەوەی سیاسیی کوردە. بە بڕوای من، زۆربەی کۆمەڵەکانی پێش 1957 وەرزشی و هونەری و خێرخوازی بوون".
هەروەها لەبارەی فەرەنساشەوە گوتی، "هەرچەندە فەرەنسا دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیست بوو، بەڵام شۆڕشێکی ئاوەدانی و چاکسازیی لە ناوچەکە کرد، بۆ نموونە شارەوانی و پارک و نەخشەی شاری قامشلۆ".
سیامەند حاجۆ، لە وەڵامی د. ئیسماعیل حەساف گوتی کە کۆدی ئەرشیفی بەڵگەکان بەردەستن و هەر کەسێک دەتوانێت پشتڕاستیان بکاتەوە.
یەکێکی دیکەی بەشداربووان، کامەران حاجۆ داوای روونکردنەوەی زیاتری لەسەر بەرنامە و پێکهاتەی رێکخراوەکە کرد. پێشنیازی کرد کۆمەڵە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە رێکخراوە سیاسییەکان جیا بکرێنەوە. ئاماژەی بە پارتی ئازادی و بزووتنەوەی لاوانیش دا، کە لە خشتەکەدا نەبوون.
هەروەها، هەندرین شێخ غاڵب بەشداریی گفتوگۆکەی کرد و پێشنیازی کرد هەمان پڕۆژە بۆ هەر چوار پارچەکە بکرێت و لە کتێبێکدا بە چەند زمانێک بڵاو بکرێتەوە. گوتی دەوڵەتانی ناوچەکە پرسی کورد وەک پرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی دەبینن، نەک پرسێکی نیشتمانی. هۆشداریشی دا کە بەڵگەنامەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەبێت بە گومانەوە بخوێنرێنەوە، چونکە بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان نووسراون. بۆ نموونە، نوێنەری مەندووبی سامیی بەریتانیا کاتێک هێزەکانی شێخ عەبدوڵڵای نەهری گرتیان، لە راپۆرتەکەی دا نووسیویەتی "کۆمەڵێک چەتە". ئەمەی بۆ ئەوە کردووە کە دان بە پرسی سیاسیی کورددا نەنێت. گوتیشی سەدەی 20 سەدەی «کورد» بوو و دەبێت سەدەی بیست و یەک سەدەی «کوردستان» بێت.
د. ئازاد عەلی لە کۆتاییدا گوتی، مێژوو بێ بەڵگە نانووسرێت، بەڵام دەبێت بەڵگەکانی عوسمانی و فەرەنسی و ئینگلیزی و رووسی بە ئاگاییەوە بخوێنرێنەوە. گوتی ناسنامەی کوردی وەک نەتەوە و ناسنامەی کوردستانی وەک جوگرافیای سیاسی دژی یەکدی نین و هەر یەکەیان جێگەی خۆی هەیە. هەروەها گوتی لە سیستمی ئێستای جیهاندا دەوڵەتبوون و مافی چارەی خۆنووسین شتێکی نامۆ نییە.
لە سیمینارەکەدا باسکرا بەڵگەنامە نوێیەکان دەریدەخەن، کە بزووتنەوەی سیاسیی رێکخراوەیی لە رۆژئاوای کوردستان لانیکەم لە ساڵی 1926ـەوە دەستی پێکردووە و هەر لە سەرەتاوە رەهەندێکی کوردستانیی هەبووە. هەروەها چەندین قسەکەر و بەشداربوو پێیان وابوو ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە لە ئەرشیفەکانی فەرەنسا و تورکیا و کۆمەڵەی گەلان.



