رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆک بۆ کاروباری سووریا و عێراق، سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، واشنتن "چاوپۆشی لەم جۆرە دووژمنکارییانە" بەرامبەر هاوپەیمانەکانی ناکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 17-08-2026، تۆم باراک لە پەیامێکدا کە لە ئێکس بڵاوی کردەوە رایگەیاند: "ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر دۆست و هاوبەشی کوردی بەنرخمان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نووسینگەکەی لە هەولێر دەکەین."
تۆم باراک دەڵێت: "ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر هاوپەیمانە کوردە باوەڕپێکراوەکانمان قبووڵنەکراوە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە."
باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە واشنتن بە تەواوی پشتگیری لە سەرکردایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ گێڕانەوەی سەروەریی تەواو بۆ وڵات و گەرەنتیکردنی ئەوەی کە سەرجەم چەک و هێزە ئەمنییەکان تەنیا لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بن.
وردەکاریی هێرشە درۆنییەکە
بە گوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17-08-2026، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە "لە سنووری ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان لە پیرمام لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان (CTD) دەڵێت، کە دوو درۆنەکە لە جۆری "حەدید-110" بوون و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. دژەتیرۆر جەختی کردەوە کە ئەم رەفتارە "بە تەواوی قبووڵنەکراوە" و ئەنجامدەرانی بەرپرسیارییەتیی هەموو لێکەوتەکان دەگرنە ئەستۆ.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێرشەکەی بە "بێباکانە" وەسف کرد و رایگەیاند: "ئەمە تەشەنەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان؛ ئەم هێرشانە رێگریمان لێ ناکەن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان."
ئەم هێرشانە تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێن کە مەسرور بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلجەزیرە" رایگەیاندبوو، کە هەولێر نایەوێت تێوەگلانی لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەبێت و هێرشەکانی تاران و بریکارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە "بێ پاساو" ناوبرد.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی ململانێکانەوە تائێستا هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 1000 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، بەهۆیانەوە 32 کەس کوژراون و 156 کەسیش بریندار بوون.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ راپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئاکسیۆس) کە تێیدا هاتووە؛ واشنتن لە سەرەتای ئەمساڵدا پەنای بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بردووە، تاوەکو وەک خاڵێکی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران رۆڵ بگێڕێت.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە ئەوان لایەنێک نین لەم ململانێیەدا، بەڵام خاکی هەرێمی کوردستان هێشتا وەک گۆڕەپانێکی جەنگی نێوان واشنتن و تاران ماوەتەوە.



